ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە سوریا دەگاتە نزیکەی 4000 کەس
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە سوریا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە نزیکەی 4000 کەس.
ڕاوانگەکە دەڵێت 1678کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەی لە حەلەب و لازقییەن.
لە تورکیاش پێشتریش سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە لگەیشتووەتە 16 هەزار و 170 کەس و 64 هەزار و 194 کەسیش بریندار بوون.
ئەردۆغان گوتیشی 6 هەزار و 444 باڵەخانە ڕووخاون.
بەمەش کۆی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکە لە هەردوو تورکیا و سوریا گەیشتووەتە 20 هەزار و 78 کەس.
فەرهاد شامی: چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕێگری کە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکەن
گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت چوار ڕۆژە هەوڵ دەدەن هاوکاریی مرۆیی بگەیەنن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت.
فەرهاد شامی لە تویتێکدا دەڵێت " چوار ڕۆژە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵ دەدات هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت بەو کەسانەی لە عەفرین و ئیدلب بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕێگری دەکەن."
شامی دەشڵێت " ئەم گروپە چەکدارانە تاوانێک ئەنجام دەدەن و نەهامەتیی و ئازارەکانی ئەو سوریاییانەی کە زیانیان لێکەوتووە زیاتردەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێت فشاریان بخاتەسەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییەکان نەکەن و یارمەتیەکان تاڵان نەکەن."
دوای نزیکەی 12 ساڵ شەڕی ناوخۆ، سوریا لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، سەرهەڵداوانی سەر بە تورکیا کە بەشێکیان جیهادییەکانن، و بەڕێوەبەرایەی خۆسەری کوردەکاندا دابەش بووە.
بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر، هەردوو ناوچەی ژێردەستی ڕژێم و سەرهەڵداوانی سەر بە تورکیا گرتووەتەوە.
ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکە گەیشتە زیاتر لە 16 هەزار
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە لە تورکیا گەیشتووەتە 16 هەزار و 170 کەس و 64 هەزار و 194 کەسیش بریندار بوون.
ئەردۆغان گوتیشی 6 هەزار و 444 باڵەخانە ڕووخاون.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی قوربانیانی سوریای بڵاو کردەوە و دەڵێت لە سوریا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان گەیشتووەتە 3773 کەس.
بەمەش کۆی گشتی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە لە هەردوو تورکیا و سوریا گەیشتووەتە 19 هەزار و 943 کەس
پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە 10 شار پەسەند دەکات
پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە 10 شاری باشوری وڵاتەکە پەسەند کرد کە بەهۆی بوومەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
دوای دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان، باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لە دە شار ڕاگەیەندرا کە بریتین لە ئەنتاب، سێمسور، ڕوحا، ئامەد، مەڕعەش، مەلێتی، کیلیس، عەدەنە، عوسمانییە و هاتای.