Accessibility links

کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا 26 هەزاری تێپەڕاند

٠١:٤٩ ١٠.٢.٢٠٢٣

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا : ئەمەریکا کارێکی زۆر دەکات بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی تورکیا و سوریا

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە وتی ئەو بومەلەرزەیەی بەهێزەی لە تورکیای دا، یەکێکە لە بەهێزترین بومەلەرزەکانی لە ماوەی سەدەیەکدا ڕووی دابێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کارێکی زۆر دەکات بۆ پشتیوانی لە خەڵکی لێقەوماوی تورکیا و سوریا. هەروەها ئەمەریکا 200 کەسی ناردووە لەگەڵ زیاتر لە 8 تۆن ئامێر و کەلوپەل و سەگی جۆریK9 بۆ یارمەتیدان لە هەوڵە فریاگوزارییەکان.

١٠:٤٠ ١٠.٢.٢٠٢٣


ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە تورکیا دەگاتە زیاتر لە 18 هەزار و 300 کەس


دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا AFAD دەڵێت لە پاش بومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە هەتا ئەمڕۆ هەینی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان گەیشتووەتە 18 هەزار و 342 کەس لە تورکیا.

هەروەها 74 هەزارو 242 کەسیس بریندار بوون.

هەروەها دەشڵێت لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی کە گوڕەکەی 7.7 بوو هەتا ئێستا بە گشتی هەزار و 509 بوومەلەرزەی تر لە ناوچەکەی داوە.


پێشتریش ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە سوریا گەیشتووەتە نزیکەی 4 هەزار کەس.

ڕاوانگەکە دەڵێت 1678کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەی لە حەلەب و لازقییەن.


بەمەش کۆی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی بوومەلەرزەکە لە هەردوو تورکیا و سوریا گەیشتووەتە 22 هەزار و 342 کەس.

١٤:٣٤ ١٠.٢.٢٠٢٣

ڕزگارکردنەکان لە نێو وێرانەکانی بوومەلەرزەدا تیشکێکی هیوا دەهێنێتە ئاراوە

تیمەکانی فریاگوزاری لە شەوی هەینیدا چەند کەسێکیان لە داروپەردووی بینا ڕووخاوەکان ڕاکێشا، لەنێویاندا کوڕێکی تەمەن 10 ساڵان کە لەگەڵ دایکیدا ڕزگارکرا، دوای چوار ڕۆژ لە بوومەلەرزە بەهێزەکەی کە مردن و وێرانکاری لە سەرانسەری باشووری تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەدوای خۆیدا بەجێهێشت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەی مردووانی کوشندەترین بوومەلەرزە لە ناوچەکە لە ماوەی دەیان ساڵدا لە هەردوو وڵات 22 هەزار کەسی تێپەراند.

سەدان هەزار کەسی دیکە لە بارودۆخێکی سەختی زستاندا بێ ماڵ و حاڵ و کەم خۆراک ماونەتەوە، بێهیوا بوون لە هەوڵێکی فریاگوزاری فرەنەتەوەیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان.

ڕزگارکەران لە نێویاندا تیمە پسپۆڕەکانی دەیان وڵات، بە درێژایی شەو لە پاشماوەی هەزاران بینای وێرانبووی تورکیادا کاریان دەکرد، لە پلەی گەرمی بەستوودا، بەردەوام داوای بێدەنگییان دەکرد، کاتێک گوێیان لە هەر دەنگێکی ژیان دەگرت لە تەپۆڵکە کۆنکرێتییەکانەوە.

لە ناحیەی سامانداگی سەر بە پارێزگای هاتای، کورێکی تەمەن 10 ساڵ دوای ئەوەی بۆ ماوەی 90 کاتژمێر گێری خواردبوو، لەگەڵ دایکیدا ڕزگارکرا.

هەروەها لە شاری هاتای، کچێکی تەمەن حەوت ساڵان بە ناوی ئاسیا دۆنمێز دوای 95 کاتژمێر ڕزگارکراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردەوە. لە دیاربەکر لە ڕۆژهەڵات، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 100 کاتژمێر دوای یەکەم بوومەلەرزە، سێبەهات ڤارلی تەمەن 32 ساڵ و سێرهاتی کوڕی ڕزگارکران و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

١٦:٢٨ ١٠.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزەکەوە لە تورکیا و سوریا گەیشتە نزیکەی 23 هەزار کەس

ئیدارەی فریاکەوتن و کارەساتەکانی تورکیا "ئافاد" ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باشووری تورکیا بۆ 18 هەزار و 991 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 74 هەزار و 242 کەس.

لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئافاد ئاماژەی بەوە کردووە کە 1509 پاشەکەوتی زەوی لەرزە دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیە ڕوویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئافاد و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و مانگی سوور 137 هەزار و 973 خەیوەت و 1,507 هەزار و 494 بەتانییان بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکان ناردووە، ئەوەش پشتڕاستی کردووەتەوە کە تا ئێستا 97 هەزار و 973 خەیوەتی خێزانی دانراون.

لە لایەکی ترەوە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە ئەنجامی بوومەلەرزە کاولکارەکەدا لە سەرتاسەری خاکی سوریا چوار هەزار هاوڵاتی سوری گیانیان لەدەستدا، و ئۆپەراسیۆنەکانیش بەردەوامن بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەکانیان، لە ناوچەی جەندێرس پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان بە تەنها لەو ناوچەیە بگاتە زیاتر لە هەزار کەس.

زیاتر نیشـان بده‌

XS
SM
MD
LG