سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 10ی ئەم مانگە پشتڕاستیان کردەوە کە فەرهاد مەیسەمی، لە زیندان ئازاد کراوە.
مەیسەمی پزیشک و چالاکوانێکی مەدەنی ئێرانییە کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ لە ساڵی 2018وە بە ئەوەی یەک ڕۆژ مۆڵەتی پێبدرێت لە زینداندابووە.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە هەروەها وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی حیجابی زۆرەملێ لە پاییزی ئەمساڵەوە دەستی دابووە مانگرتن لە خواردنی وشک.
پێشتر ڕۆژنامەی شەرق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی کە مەیسەمی دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە زیندان ئازاد کراوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی میزان دەڵێت ناوبراو کەوتووەتە بەر ئەو لێبوردنە گشتییەی کە ڕێبەری باڵای ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ دەستبەسەربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانە دەریکردووە.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە ڕەزامەندی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران و زیندانیانی سیاسی ئازاد کراون و بە گوتەی چاودێرانی سیاسیش ئەمە بووەتە هەوێنی پڕوپاگەندەی بەربڵاوی حکوومەتی ئێران.
ژمارەیەک لە پارێزەران و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و خۆپیشاندەرانی زیندانیکراو و زیندانیانی سیاسی پێشوو ئەم کارەی حکومەتیان بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات وەسف کردووە بۆ شۆردنەوەی پێشێلکارییە مرۆییەکانی.
هەفتەی ڕابردوو وێنەکانی ئەم چالاکوانە کە تێیاندا دەرکەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە، کاردانەوەیەکی بەرچاوی لێکەوتەوە و سەدان کەسایەتی داوایان لێکرد کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە وەڵامی داواکارییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی 'هەڵوێستی بەکۆمەڵ' لەلایەن سەندیکاکانەوە، نووسیبووی "ئەم ڕێگایەی گرتوومانەتە بەر بە کۆتایی هێنانی من بە مانگرتنەکەم ناگاتە ئەنجام، بەڵکو لەڕێگەی دەستپێکردنی هەڵوێستی کرداری بە کۆمەڵی ئەندامانی سەندیکا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک سەندیکای کرێکاران، خوێندکار، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، خانەنشینانەوە دەگاتە ئامانج."
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا