Accessibility links

ژمارەیەکی زۆر چالاکوانی کوردی ئێران لە ترسی دەستگیرکردن هەڵاتوون


ژمارەیەک لە بەندکراوان لە کوردستانی ئێران
ژمارەیەک لە بەندکراوان لە کوردستانی ئێران
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی 60 چالاکوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات لە ترسی دەستگیرکردن و حوکمدان، ئێرانیان بەرەو هەرێمی کوردستان و تورکیا بەجێهێشتووە.

ئەو چالاکوانە کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون، بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دراوە، بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندان و ئەنجامدانی "گێرەشێوێنی".

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"نزیکەی 60 چالاکوان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات هەڵاتوون بۆ هەرێم و تورکیا و هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەوروپا."

هەروەها وتیشی"چالاکوانەکان کە ڕۆژهەڵاتییان جێهێشتووە، هەندێکیان پێشتر دەستگیرکراون و بە کەفالەت ئازادکراون و ترسی حوکمدانیان هەبووە، هەندێکی تریشیان بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە."

ئەو چالاکوانە کوردانەی کە لە ترسی دەستگیرکردن ئێرانییان بەجێهێشتووە، ئاماژەبەوەدەکەن هیچ متمانەیەکیان بەو لێبوردنانە نییە، کە ئێران بۆ بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان دەریکردووە، مەترسییان لەسەربووە بۆیە ڕۆژهەڵاتیان جێهێشتووە.

پەیمان ڕۆژهەڵاتی، یەکێک لەو چالاکوانە کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵاتووە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەو چالاکوانانەی هەڵاتووین، مەترسی دەستگیرکردن و حوکمدانمان لەسەربوو، بۆیە زێدی خۆمان بە ناچاری بەجێهێشت."

لەبارەی لێبوردنەکانی ئێران و ئازادکردنی هەندێک لە چالاکوانەکان، پەیمان ڕۆژهەڵاتی پێیوایە لێبوردنەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران سیناریۆیە و تا 22 ی بەهمەن، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دەخایەنێت، وتی"ئێران بەو بڕیاری لێبوردنە دەیەوێت ڕای نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەگینا دوای 22ی بەهمەن، هەموو ئەوانە دەستگیردەکاتەوە کە ئازادیکردوون."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، یەکێک لەو چالاکوانە کوردانەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا لەلایەن ئێرانەوە ئازادکراوە، ئەوەی بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راگەیاندووە، لەلایەن ئێرانەوە دۆسیەکەی خۆی پیشاندراوە و تۆمەتبار نەبووە بە چالاکی سیاسی، بەڵکو بە "بەرەڵایی و خۆفرۆشتن"تاوانبارکراوە.

پارتە کوردییەکانی ئێران جەخت لەسەرئەوەدەکەنەوە، پێشوازی لەو چالاکوانانە دەکەن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانییان بە جێهێشتووە و دەرگایان بەڕوویاندا واڵا کردووە.

عەتا سەقزی، وتەبێژی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەیەکی زۆر چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات لەترسی دەستگیرکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."

ئەو وتیشی"هەندێک لەو چالاکوانانە کە تێکەڵەن لە کوڕ و کچ لای ئێمە و حیزبەکانی تر بوون بە پێشمەرگە، هەندێکی تریشیان لە هەرێم نیشتەجێ بوون."

XS
SM
MD
LG