Accessibility links

کاریگەری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر هەڵوێستی فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا


پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن، تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان، نەبووەتە مایەی دابڕانیان لەیەکتر، بەڵام لە هەندێک لە پرسە سیاسییەکاندا هاوهەڵوێست نین.

سەباح کەرکوکی، پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پەیوەندیمان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی خراپ نییە، بەڵام لە زۆر پرسیشدا هاوهەڵوێست نین."

ئەو گوتیشی "گەر لە پرسە نیشتیمانییەکاندا هاوهەڵوێستباین، ڕەنگە بمانتوانیبا پرسێکی وەکو مادەی 140 ببەینە پێشەوە."

پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، کە دوو حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستانن، لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردووەوە پەیوەندییەکانیان بە ئەندازەیەکی زۆر تێکچووە. قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ناکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی بە دەستگرتن بەسەر داهاتی سلێمانی و کوشتنی پلەدارێکی دژەتیرۆر لەهەولێر تۆمەتبار دەکات. یەکێتی نیشتیمانیش ئۆباڵی پەراوێزخستنی سلێمانی دەخاتە ئەستۆی پارتی و بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت تۆمەتباری دەکات.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "خراپی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان نەبووەتە هۆی دابڕانمان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغدا، پەیوەندی نێوانمان ئاساییە."

پارتی دیموکراتی کوردستان 32 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی 18 کورسییە لەو ئەنجومەنە.

شوان محەمەد وتیشی،"بۆ گفتووگۆکردن لە سەر پرۆژە یاساکان و زۆر پرسی تریش، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی هەماهەنگی هەیە لە نێوانیان. مەسەلەکانی بەغدا نەتەوەیین نەک ئیدارە و حوکمڕانی، بۆیە کێشەکانی هەرێم کەمتر کاریگەرییان هەبووە."

سەرباری دانەبڕانی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە بەغدا، بەڵام ئاراستە جیایی حزبەکانیان زۆرجار مشت و مڕ لەنێوانیان دروست دەکات، وەک ئەوەی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا ڕوویدا و هەردوولایان سەرۆک کۆماری ئێستایان بە بژاردەی خۆیان ناوبرد.

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە وەفدی حکومەتی هەرێم بە بێ بەشداری نوێنەری یەکێتی سەردانی بەغدا بکات، ئەمەش وایکردووە فراکسیۆنی یەکێتی وەکو نوێنەری هەرێم تەماشای وەفدەکە نەکات.

هاوکات لەگەڵ سەردانەکانی وەفدی هەرێمدا بۆ بەغدا بۆ دانوستان لەسەر مەسەلەی دارایی و کەرتی نەوت، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیش ناو بە ناو سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا بەجیا کۆدەبێتەوە.

لەسەر ئەو بەڵێنانەش کە بەرپرسانی عێراق بە هەرێمی کوردستانی دەدەن، ناو بەناو شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانیشیان دروست دەبێت، بەتایبەت هەرلایەنە و بەجیا خۆی کردە خاوەنی ئەو 400 ملیار دینارەی بڕیاربوو بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت، بەڵام هێشتا نەنێردراوە.

عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانیشیان، گەر لە هەرێم کۆک نەبن، لە بەغداش ناتوانن تەبا بن."

جەختیکردەوە "پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکانیش. گەر تەبابن، ئەوان ناچارن باشتر مامەڵەیان لەگەڵ بکەن."

بە گوێرەی چاودێرەکە بێت، پارتی و یەکێتی هەرچەندە ناکۆک بن فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانیان لە عێراق ناتوانن لەیەکتری داببڕێن، بەو پێیەی ئیش و کارەکانیان گرێدراوی یەکتریەو دەبێت لە ڕێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە ڕایی بکەن کە سەر بە پارتی دیموکراتە.

XS
SM
MD
LG