هەرچەندە پێنج هەفتە وەرزی زستان و سەرما ماوە، بەڵام تا ئێستا ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم لە سەرەتای پایزی ئەمساڵ بەڵێنی دا نەگەیشتۆتە ناوچەکان. ئەندامێکی کورد لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ئەمساڵ هەموو ماڵێک نەوت وەرناگرێت.
بڕیار ڕەشید، ئەندامێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی لە عێراقەوە دێت بەشی پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستان ناکات، وە ئەوەی سامانە سرووشتییەکانیش بە هەمان شێوە بەشی هەرێمی کوردستان ناکات. واتە ئەو بڕەی کە دەیخەنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە لە پێویستی هاووڵاتیان کەمترە لەبەر ئەوە نەخێر هەموو ماڵێک نەوت وەرناگرێت . "
بڕیار ڕەشید وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەوە تۆمەتبارکرد کە " وەکو پێویست بەدەم ئەم بابەتەوە نەهاتووە."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە لە چەندین ڕێگەوە هەوڵی دا لێدوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو بۆ زستانی ئەمساڵ هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەردەگرێت. بۆ ئەوەش هەرێمی کوردستان دابەشکرا بەسەر سێ زۆنی ناوچە شاخاوییەکان، قەراغ شارەکان، و سەنتەری شارەکان.
هەنگاوەکە پێشنبینی دەکرا کە گاریگەری هەبێت لەسەر بارودۆخی هاووڵاتیان کە نەوت وەک وزەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنن بۆ گەرمکردنەوە و ئامادەکردنی خواردن.
بڕیار ڕەشید کە ئەندامی لیژنەی دارایی و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی عێراقە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بە "زۆر خراپ" وەسفکرد. ئەو ڕایگەیاند کە وەزارەتەکە ڕێگربووە لەوەی عێراق بڕێکی نەوت بنێرێت بۆ هەرێم بە نرخێکی کەمتر لەو نەوتەی کە حکومەتی هەرێم بڕیاری دا دابەشیبکات بەسەر هاووڵاتیان.
د. بڕیار ڕەشید دەڵێت" بەرمیلێک نەوت پێویست بوو بە 30 هەزار دینار بێت... ئەوەی کە تێیگەیشتین ئەوەیە کە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێم وتویانه، 'ئێمە خۆمان بە 100 هەزار دابەشی دەکەین. ناکرێت نەوتی تر لە عێراقەوە بێت بە 30 هەزار دابەشبکرێت، چونکە ئەو کاتە خەڵک نەوتی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی ناوێت."
پایزی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەنگۆی دابەشکردنی نەوت، بەشێک لە پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەو نرخە گرت کە حکومەتی هەرێم دایناوە ، ئەویش نرخی هەر بەرمیلێک بە 103 هەزار دیناری عێراقی.
لە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی ڕابردووی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت ڕایگەیاند کە پرۆسەکەیان داوە بە دوو کۆمپانیا.
وەزیر ئەو کات ڕایگەیاند، "پاش شیکردنەوە ئەوەی لە هەمووان کەمتر 284 هەزار دینار بوو بۆ بەرمیلێک نەوت... ئەم 100 هەزارە واتە 35% هاووڵاتی دەیدات، 65% پاڵپشتی حکومەتە بۆ ئەو بەرهەمه."