ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، چارەنووسی هەوڵەکانی فینلاند بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە لە "دەستی تورکیادایە"، دوای ئەوەی پەرلەمانی فینلاند ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پەسەندکردنی پەیماننامەکانی دامەزراندنی ناتۆ لە 28 ی شوباتدا.
مانگی ئایاری ڕابردوو فینلاند و سوێدی دراوسێی وڵاتەکەی لە کاردانەوە بۆ لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داواکارییان پێشکەش کرد بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانی سەربازیی ڕۆژئاوادا. بەڵام تورکیای ئەندامی ئێستای ناتۆ دژایەتی ئەندامێتی ئەوانی کردووە و وڵاتانی باکووری بەوە تۆمەتبار کردووە کە داڵدەدانی ئەو کەسانە دەکات کە پێی دەڵێن گرووپە تیرۆریستییە کوردییەکان.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی فینلاند ڕایگەیاند، پەرلەمانی فینلاند ڕۆژی هەینی بڕیاریدا ڕۆژی 28ی شوبات دەنگ بدات بۆ پەسەندکردنی یاسای پێویست بۆ ئەوەی ڕێگە بە وڵاتەکەی بدات لە کۆتاییدا ببێتە ئەندامی ناتۆ.
نینیستۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشی میونشن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەوە دەربڕینی ئیرادەی ئێمەیە، هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بە ئیرادەمان بە تایبەتی و تەنیا لە دەستی تورکیادایە.
ئەو یاسایەی کە پەیماننامەکانی دامەزراندنی ناتۆ لە فینلاند پەسەند دەکات، پێدەچێت پەسەند بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییەن، ئەمەش وایکردووە فینلاند هەنگاوێک لە ئەندامێتی لە پێش سویدەوە نزیک بێتەوە.
نینیستۆ وتی فینلاند بەبێ سوید بەردەوام دەبێت لە ئەندامێتی خۆی ئەگەر تورکیا بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری فینلەندی بدات بەڵام پێشنیاری سویدی پەسەند نەکات.
نینیستۆ وتی: "ئێمە نامانەوێت و هەروەها ناتوانین داواکارییەکەمان بکشێنینەوە."
فینلاند نابێتە ئەندامی هاوپەیمانی سەربازیی ڕۆژئاوا تا ئەو کاتەی تورکیا و هەنگاریا داواکەیان پەسەند نەکەن.
جوسی هالا ئاهۆ، سەرۆکی لیژنەکە ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئامانج ئەوەیە کە پڕۆسەی یاسادانانی نیشتمانی کە پێویستە بۆ پەیوەست بوون بە ناتۆ لەم خولەی هەڵبژاردندا تەواو بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز