Accessibility links

سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە


ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا
ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا

ڕێبەرانی ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕۆژی شەممە لە میونشن بە ئامادەبوونی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لەوەتای مانگی 9ی ساڵی ڕابردوەوە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.

گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەهۆی گەمارۆدانی دوو مانگەی ڕێڕەوی لاچین کە تاکە ڕێگەی وشکانییە بۆ ئەرمینیا کە ڕاستەوخۆ بتوانێت بگاتە ناگۆرنۆ-قەرەباخ، پەرەی سەندووە.

ئەرمینیا ڕایگەیاندوە کە کار لەسەر ڕەشنووسی پەیمانی ئاشتی لە میانی دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی نێوان سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئازەربایجان و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کراوە.

ئەنتۆنی بلینکن ئەو کۆبوونەوەیەی بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوبردوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە دوای 30 ساڵ لە ململانێی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشکردوە کە واشنتن پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.

نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا جەختی لە خواستی لایەنی ئەرمەنی کردوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کە گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا دەکات.

ناگۆرنۆ قەرەباخ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لە ئازەربایجان ناسراوە، بەڵام 120 هەزار دانیشتووەکەی زۆرینەیان ئەرمەنین و لە یەکەم جەنگدا لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە باکۆ جیابوویەوە.

دوایین جار سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو لە شاری سوچی ڕووسیا بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتین کۆبوونەوە. دوای ئەوە کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە برۆکسل هەڵوەشایەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG