Accessibility links

ئەمەریکا 100 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی دەدات بە تورکیا و سوریا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، تورکیا
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، تورکیا

ئەمەریکا 100 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی مرۆیی دەدات بە تورکیا و سوریا بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانە دوای بومەلەرزە وێرانکەرەکە کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 46,000 کەس و ملیۆنان کەسیش بێ ماڵ و حاڵ کرد.

بەم یارمەتییە نوێیەوە ئەمەریکا تاوەکو ئێستا 185 ملیۆن دۆلاری وەکو فریاگوزاری بومەلەرزەکان بۆ تورکیا و سوریا تەرخانکردووە، یارمەتییە نوێیەکە دەدرێت بەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکومییانەی کە بەشدارن لە هەوڵەکانی گەڕان و فریاکەوتندا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە سەردانی تورکیای کرد و ڕاستەوخۆ کاولکارییەکەی دوای بومەلەرزەکەی بینی، وتی یارمەتییە نوێیەکە یارمەتیدەر دەبێت لە کڕینی پێداویستییەکانی وەکو بەتانی و دۆشەک و خواردن و پۆشاکی گەرم و خێمە و پێداویستییەکانی دیکەدا.

یارمەتییەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ خزمەتگوزارییەکانی دەرمان و تەندروستی و ئاوی پاک و هەوڵەکانی پاکوخاوێنی و ئەو پڕۆگرامانەی کە پشتیوانی لە خوێندنی ئەو منداڵ و گەنجانە دەکەن کە بومەلەرزەکە کاری تێکردوون.

بلینکن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئۆغلۆدا بە هێلیکۆپتەر گەشتێکیان کرد بەسەر هەندێک لەو ناوچانەدا کە بومەلەرزەکە لێیداون. پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە بلینکن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆببێتەوە.

سەردانەکەی بلینکن بۆ تورکیا دوای سەردانەکەی مانگی ڕابردووی چاوش ئۆغلۆ دێت بۆ واشنتن. دوو وڵاتەکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ هەوڵییان داوە چارەسەری ناکۆکییەکانیان بکەن سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و هەوڵەکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

XS
SM
MD
LG