Accessibility links

سەرۆک بایدن لە پایتەختی ئۆکرانیا: لێرەم بۆ ئەوەی پێتان بڵێم جیهان لەگەڵتاندایە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەیشتە پایتەختی ئۆکرانیا، چەند ڕۆژێک بەر لە ساڵڕۆژی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

سەرۆک بایدن وتی ئەو گەیشتووەتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا هەتا پشتوانی خۆی بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە پیشان بدات، وە بە ئۆکرانییەکان بڵێت جیهان لەگەڵتاندایە.

لە لێدوانەکەی لە پاڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆشکی مارینسکی لە کیێڤ، سەرۆک بایدن کۆمەڵێک یارمەتی نوێی ئەمەریکای بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە بەهاکانیان دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار. لە نێو یارمەتییەکاندا، گولـلە تۆپ و چەکی دژە تانک هەن. هەروەها وتی لەم هەفتەیە سزای نوێی ئەمەریکا لە دژی ڕووسیا ڕادەگەیەنن.

سەرۆک بایدن لە درێژەی لێدوانەکەی وتی " لە پاش ساڵێک، کیێڤ خۆڕاگرە، ئۆکرانیا خۆڕاگرە، دیموکراسی هەیە. ئەمەریکاییەکان لەگەڵتاندان، جیهان لەگەڵتاندایە."
باسی لەوەش کرد زیاتر لە 50 وڵات یەکیان گرتووە بۆ یارمەتیدانی لەشکری ئۆکرانیا و یەکخستنی ئابوری بۆ سەپاندنی باجێکی پێ پێشینە بەسەر ئابوری ڕووسیادا.

سەرۆک بایدن وتیشی"پوتن پێیوابوو ئۆکرانیا لاوازە و ڕۆژئاوا دابەشە. پێیوابوو دەتوانێت لە ئێمە زیاتر خۆڕاگرتربێت، بەڵام پێموانییە ئێستا وەها بیربکاتەوە.

سەرۆک زێلێنسکی لای خۆیەوە سوپاسی سەرۆک بایدنی کرد کە لەم کاتەدا لە ئۆکرانیایە و وتی ڕووسیا هیچ هەلێکی بۆ بردنەوەی شەڕەکە نییە. باسی لەوەش کرد کە لە بارەی دۆخی بەرەکانی جەنگەوە وتووێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دەکات.

پاشان پێکەوە کۆشکی مارینسکییان جێهێشت و بەرەو دیواری یادکردنەوەی ئەو کەسانە بەڕێکەوتن کە گیانیان لەم شەڕەدا لەدەست دا.

هاوکاتی سەردانەکەی سەرۆک بایدن، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لە کیێڤ و چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا لێیان دا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG