Accessibility links

بەرپرسێکی سوریا: زیاتر لە 200 فڕۆکەی پڕ لە هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە سوریا


کاربەدەستێکی سوریا دەڵێت لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دووەوە زیاتر لە 200 فڕۆکەی پڕ لە هاوکاری بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا ڕەوانە کراوە کە نزیکەی نیوەی لە لایەن میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)ەوە نێردراوە.

هاوکارییەکان زیاتر لەلایەن هاوپەیمانەکانی بەشار ئەسەدەوە ڕەوانەی سوریا کراوە، لەو کاتەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر ئەو وڵاتە و تورکیای دراوسێی هەژاند و زیاتر لە 45 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

سولەیمان خەلیل کاربەدەستێکی وەزارەتی گواستەنەوەی سوریا بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە " هەتا ئێستا 213 فڕۆکەی پر لە پێداویستی لە سوریا نیشتوونەتەوە"، و 92 لەوانە لە لایەن میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبەوە ڕەوانە کراون.

پاش زیاتر لە دە ساڵی شەڕ، هێشتا حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن ڕۆژئاواوە لەپەراوێز خراوە.

بەڵام ئەو بوومەلەرزەیەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ هەزار و 600 کەس لە سوریا، بووە هۆی دەستڕاگەیشتنی عەرەب بۆ ئەو حکومەتەی کەلە پاش دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011 وە لە کۆمەڵگەی جیهانی دابڕا و لە کۆمکاری عەرەبیش دەرکراوە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بوو بە یەکەم وڵات کە پاش چەندین ساڵی بایکۆتکردن پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەسەد ئاسایی بکاتەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر سەرکردایەتی هەوڵەکانی فریاگوزاری ناوچەکە دەکات.

عەبدولڕەحمان ئەلعەوەیس وەزیری تەندروستی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە سەردانێکی فەڕمی کرد بۆ ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا کە بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون و بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند هیوادارە "هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە ئاستی جیهانیدا هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگە مرۆییە گەورەیە".

دوایین فڕۆکەی هاوکاری کە لە دیمەشق نیشتەوە فڕۆکەیەکی نەوریجی بوو کە 14 تۆن یارمەتی خاچی سوری پێبوو لە ناویاندا چادری گەورە لەگەڵ سۆپا و ئامیری ئاو پاککردنەوە .

یۆرگن هالدۆرسن بەرپرسی خاچی سوری نەرویجی گوتی " ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ و قەیرانەکانەوە زۆر لاوازن."

دیمەشق دوای دوو ڕۆژ لە بوومەلەرزە کوشندەکە داوای هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا کرد و کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هانی ئەندامەکانی دا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییە.

شەڕی ناوخۆی سوریا کە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی لایەنگری دیموکراسی لەلایەن حکومەتەوە دەستیپێکرد، بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە.

تەنانەت پێش بوومەلەرزەکەش زۆربەی دانیشتووانەکە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبوو.

XS
SM
MD
LG