Accessibility links

چین داوای ئاگربەست و بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات


شی جینپینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پێش دانوستانەکانیان لە پەکینی پایتەختی چین لە 4ی شوباتی 2022
شی جینپینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پێش دانوستانەکانیان لە پەکینی پایتەختی چین لە 4ی شوباتی 2022

چین داوای ئاگربەست و دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا کرد، لە پێشنیارێکی ناڕووندا کە هەینی بڵاوکرایەوە و شرۆڤەکاران دەڵێن پێناچێت ئەنجامەکەی بەدەستبهێنێت.

پەکین بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەڵوێستێکی بێلایەنی هەیە لەو شەڕەدا کە ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە، بەڵام هاوکات ڕایگەیاندووە کە "دۆستایەتییەکی بێ سنوور"ی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و ڕەتیکردووەتەوە ڕەخنە لە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بگرێت، یان تەنانەت وەک لەشکرکێشی ئاماژەی پێبدات.و ڕۆژئاوای تۆمەتبار کردووە بە وروژاندنی ململانێکان و بە دابینکردنی چەکی بەرگری ئۆکرانیا.

ئەو پلانەی کە وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاویکردەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی هەڵوێستە درێژخایەنەکانی دووپاتکردەوە و شرۆڤەکاران دەڵێن پەکین نێوەندگیرێکی نا چاوەڕوانکراو دەبێت.

چین داوا دەکات ڕێز لە "سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان" بگیرێت، بەڵام باس لەوە ناکات کە ئەو خاکەی ڕووسیا لە دوای لەشکرکێشییەوە داگیری کردووە چی بەسەر دێت. هەروەها داوای کۆتایی هێنان بە سزاکانی "یەکلایەنە" دەکات بۆ سەر ڕووسیا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە فراوانکردنی هاوپەیمانی ناتۆ دەگرێت و هەڕەشەکانی هێزی ئەتۆمی سەرکۆنە دەکات.

لی مینگجیانگ، پرۆفیسۆر و پسپۆڕی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی تەکنەلۆژیای نانیانگی سەنگافورە دەڵێت، پێشنیارەکە "هەوڵێکە بۆ پەیوەندییە گشتییەکان لەلایەن چینەوە". “من قەناعەتم نییە کە ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی باشترکردنی متمانەپێکراوی ئەوان لە بوون بە نێوەندگیرێکی ڕاستگۆ.”

ژانا لێشچینسکا، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە پەکین وتی وڵاتەکەی ئاشتی لەسەر بنەمای هەر بەهایەک ناوێت.

لێشچینسکا لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکدا لە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ چین کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەشکرکێشییەکەیە، وتی: ئێمە بە هیچ شتێک ڕازی نابین کە خاکەکانی ئۆکرانیا بە داگیرکراوی بهێڵێتەوە و گەلەکەمان بخاتە ژێر ڕەحمەتی دەستدرێژکارەوە.

هیچ وەڵامێکی فەرمی دەستبەجێ لەلایەن مۆسکۆوە نەدرایەوە، بەڵام لیۆنید سلۆتسکی، پەرلەمانتاری باڵای ڕووسیا، ستایشی پلانەکەی کرد و وتی کە هەنگاوەکانی تێدایە کە دەبێتە هۆی “کۆتایی هاتنی هەژموونی بەکۆمەڵی ڕۆژئاوا.

لە ئەڵمانیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکرانیایە، ڤۆڵفگانگ بوخنەر، وتەبێژی حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پێشنیازی چینی چەند خاڵێکی گرنگی تێدایە، بەڵام خاڵێکی سەرەکی لەدەستچووە، ئەویش "سەرەتا و پێش هەموو شتێک کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا".

چین ڕۆژی پێنجشەممە دەنگی نەدا کاتێک کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەری پەسەند کرد کە داوا دەکات ڕووسیا کۆتایی بە شەڕەکانی ئۆکرانیا بهێنێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشییەتد پرێس

XS
SM
MD
LG