Accessibility links

بۆچوونەکانی فازڵ میرانی و مەلا بەختیار لەسەر ڕەوشی عێراق و هەرێمەکە


دووهەمین کۆڕبەندی هەولێر ڕۆژی چوارشەممە لە ژێر ناونیشانی " خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی عێراقی و ناوچەکە دەستیپێکرد.

لە یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی " عێراق لە نێوان دراوسێکانی و هێزە جیهانییەکاندا" بە بەشداری هەر یەک لە فازڵ میرانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی بەرژوەندییە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نیکۆلای ملادینۆڤ وەزیری دەرەوەی پێشووی بولگاریا و عەباس ڕازی ئەلعامری بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراق بۆ دیالۆگ ئەنجام درا.

لە پانێڵەکەدا مەلا بەختیار باسی کە گرفتەکانی عێراق کرد و گوتی "عێراق بەدرێژایی مێژوو لە ناو گێژاوی خۆی دەدۆزێتەوە ، گەندەڵی بەجۆرێک گەیشتۆتە لوتکە لە عێراق کەباس لە دزینی 300 بۆ 500 ملیار دۆلار دەکرێت."

نیگەرانیشی دەربڕی لەسەر پەرتەوازیی کورد لە نێوخۆیدا " ئەوە ترسناکە کورد بە شاندی جیا بچێتە بەغدا، چ هێزەکانی دەسەڵات بن یان ئۆپۆزیسیۆن؛ ئۆپۆزیسیۆنی لە کوردستان بەسەرچاو، بەڵام لە بەغدا ستراتیژێک هەیە ستراتیژی ئەمنی نەتەوەیی و پێویستییەکانی هەرێمی ئێمەیە" هەروەها چوونی لایەنە سیسییە کوردییەکانی بۆ بەغداد بەشێوەی وەفدی جیا جیا بە مەترسی ناوبرد و وتی " بەڕاستی ئەوە مەترسییە کورد بەمجۆرە بمێنێت، و بەم وەفدە جیایانە بچێتە بەغداد ، یەکێتی و پارتی پێویستییان بە موراجەعەیەک هەیە."

هەر پاش مەلا بەخیتار پێشکەشکاری پانێڵەکە هیوا مەحمود عوسمان پرسیاری لەسە دۆخی عێراق ئاڕاستەی فازڵ میرانی کرد و لە وەڵامدا چەند هۆکارێکی بۆ مانەوەی عێراق لە دۆخێکی وەکو ئێستادا خستە ڕوو گوتی "چەند هۆکارێک هەیە، هۆکاری خودی و هۆکاری بابەتی، لەوانە لە رۆژانی ئۆپۆزیسیۆنبوونمان، ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بەسەر بەرەی هەرێمیی و نێودەوڵەتی دابەشبوون، لە دوای گۆڕینی ڕژێمیش هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەی ئۆپۆزیسیۆن لە سیستمی هاوپەیمانێتی وەرنەچەرخا بۆ سیستمی دۆستایەتی، وەکو ئەوە مایەوە کە لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبووندا هەبوو".

میرانی ڕایشی گەیاند " "ئەمەریکا پێیوابوو بەرەو رۆژهەڵاتێکی نوێی ناوەڕاست، لە عێراقەوە دەستپێدەکات، ئەوەش هەموو وڵاتانی ناوچەکەی ترساند، بۆیە هەموویان بایکۆتی عێراقیان کرد و وەزیری دەرەوەی عێراقیان بە وەزیری دەرەوەی ئەنجوومەنی حوکم ناودەهێنا".

لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری پانێڵەکە سەبارەت بەو هێرشانەی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بە پاساوی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل بۆ سەر هەولێر ئەنجامی فازڵ میرانی بە پەندێکی پێشینان وەڵامی دایەوە و"ئاخر کورد پەندێکی هەیە دەڵێت بە ئاژەڵەکە ناوێرێت بە کورتان دەوێرێت. ئەوان دەرزی لە چاوی خەڵکدا دەبینن، بەڵام سوژن لە چاوی خۆیاندا نابینن، ئەگەر بیانووی هێرشەکە بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەمەریکییەکانە خۆ ئەمەریکا تەنها لەهەولێر نییە، لەزۆر شوێنی عێراقدا هەیە ، ئەوەتا لە عەین ئەسەد هەیە، لە ئەنبار هەیە، لەچەندین شوێنی تر هەیە."

نیکۆلا مالدینڤ، وەزیری پێشووی دەرەوەی بوڵغاریا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دوا و گوتی "ئێمە دەتوانین لەو تایبەتمەندییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن دەرفەتەکانی عێراق ببینین. سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێكە بۆ هەموو عێراق. چەند بابەتی دیکەی گەشبینانەش هەن؛ ئێستا لە عێراق سەرۆکوەزیرانێکی پابەندبووی نیشتمانیی هەیە، پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیەتییەکەی؛ بەڵام هاوکات دەشزانین کە چەندین مژاری هەڵپەسێردراو هەن، داهاتی نەوت، یاسای نەوت و گاز، بودجە و پێشمەرگە و چەند پەڕاوێكی دیکە، کە پێویستە چارەسەربکرێن".

کۆڕبەندی دووهەمی هەولێر هەتا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و تیایدا چەندین مێزگرد و پانێڵ لەسەر پرسە نێوخۆیی و جیهانییەکان ئەنجام دەدرێت.

XS
SM
MD
LG