Accessibility links

چەند کەسێکی نزیک لە شێخ نه‌هرۆی کەسنەزانی قەوارەیەکی سیاسی پێکدەهێنن تا لە ‌هەڵبژاردنەکانی هەرێم "ده‌نگی یه‌كه‌م یان دووه‌م" بهێنن


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا لەچەند سەرچاوەیەکی ته‌ریقه‌تی قادری كه‌سنه‌زانی زانیویەتی کە چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ر به‌ ته‌ریقه‌تەکە سه‌رقاڵی دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی نوێی سیاسین و ئاماده‌كاری بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.

مامۆستا عه‌بدولوه‌هاب به‌رزنجی، وته‌بێژی ته‌ریقه‌تی كه‌سنه‌زانی و كه‌سایه‌تی نزیك له‌ شێخ نه‌هرۆی کەسنەزانی، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە "ڕەنگە" چەند کەسێکی نزیک لە شێخ نه‌هرۆ نیازێکی وەهایان هەبێت بەڵام ڕەتیکردەوە کە شێخ نەهرۆ خۆی بەشێک بێت لە قەوارە سیاسیەکە.

عه‌بدولوه‌هاب به‌رزنجی به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "من كه‌سێكی نزیكم له‌ شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی، كاك شێخ كه‌سێكی ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتووه‌؛ ڕه‌نگه‌ دوو سبه‌ی هه‌ندێك كه‌سی نزیك لێی هه‌نگاوی دروستكردنی لیست بنێن، به‌ڵام ئه‌و عیلاقه‌ی به‌سه‌ر هه‌ندێك ئازادی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌ و بڕوا ناكه‌م خۆی ته‌داخولی سیاسه‌ت بكات."

ته‌كیه‌ی سه‌ره‌كی تەریقەتی كه‌سنه‌زانی له‌ شاری سلێمانییه‌ و ژمارەی لایەنگرانی بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێن. شوێنکەوتوانی تەریقەتەکە دەکەونە‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان و عێراق و ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و هه‌ندێك وڵاتی تر‌.

سه‌رچاوەیەک له‌ ته‌ریقه‌تەکە کە نەیویست ناوی بهێندرێت به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند قەوارە نوێکە لە "كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی نوخبه‌و خوێنه‌وار" پێکدێت کە "له‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ نه‌گلاون و نزیكن له‌ شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانییه‌وه‌."

ئەو سەرچاوەیە گوتی ئەو کۆمەڵە لە ئێستادا "پلانی دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان داڕشتووه."‌

سه‌رچاوه‌یەکی تر کە ئەویش بە مەرجی ناونەهێنان زانیاری بە دەنگی ئەمەریکادا، ڕایگەیاند، ‌"قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی نزیك له‌ ته‌ریقه‌ت خۆی ئاماده‌ كردووه‌ بۆ هێنانی ده‌نگی یه‌كه‌م یان دووه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان. ئێستا سه‌رقاڵی كۆبوونه‌وه‌ین و ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانمان ته‌واو كردووه‌. ڕه‌نگه‌ دوو هه‌فته‌ی تر قه‌واره‌كه‌ به‌ فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێت."

سەرەڕای ڕانەگەیاندنی فەرمی قەوارەکە لە ئێستادا، ئەمڕۆ پێشه‌وا شێخ ره‌ئوف كه‌ له‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنی ته‌ریقه‌تی كه‌سنه‌زانی كارده‌كات، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسینێکی کورتی بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ناونیشانی "ئەوەی خەڵکی دوعایان بۆی دەکرد، خوا ناردی."

لە نوسینەکەدا پێشه‌وا شێخ ره‌ئوف دەڵێت، "چیتر زوڵم و سته‌م به‌رده‌وام نابێت. كیانێكی سیاسی نوێ له‌ به‌رانبه‌ر نادادپه‌روه‌ری و خزمه‌ت نه‌كردنی هاوڵاتییان دێته‌ مه‌یدانه‌كه‌ و ده‌بێته‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك. كیانه‌ سیاسییه‌كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵكه‌ و له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه.

په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك ته‌مه‌نی خۆی درێژكردووه‌ته‌وه‌ و كۆتایی ئه‌مساڵ ماوه‌ی یاسایی ته‌واو ده‌بێت، گه‌ر یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ڕێكبكه‌ون، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ نێو ته‌كیه‌ی كه‌سنه‌زانی ناو به‌ ناو مه‌راسیمی ئاینی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، کە تێیاندا شێخ نه‌هرۆ لە نێو ئاپۆرای شوێنکەوتوانی دەردەکەوێت كه‌سنه‌زانی سه‌رۆكی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ش زۆرجار سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم ده‌كات.

ڕۆژی 9ی مانگی ڕابردوو شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد. به‌ پێی ڕاگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكی حكومه‌ت، گفتووگۆیان له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێم و گۆڕانكاری و پێشهاته‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر "بره‌ودان به‌ كولتووری پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان كردووه‌ته‌وه‌."

سێ ڕۆژ دوای دیدارەکە، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌ شاری سلێمانی سه‌ردانی شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی كرد. به‌ پێی راگه‌یه‌نراوی بافڵ تاڵه‌بانی، جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌دان به‌ بیری میانڕه‌وی كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هۆكاری یه‌كتربینینه‌كانی سه‌رۆكی ته‌ریقه‌تی قادری كه‌سنه‌زانی و به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی بۆ نێوه‌نگیری گێڕدرایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه‌ کە له‌و سه‌ردانانه‌دا باسی قه‌واره‌ سیاسییه‌ نوێیەکە کرابێت.

له‌ باره‌ی ئەم دیدارانە، عه‌بدولوه‌هاب به‌رزنجی ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بە دەنگی ئەمەریکا بدات و تەنها وتی، "شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی هه‌میشه‌ قسه‌ی خه‌یر ده‌كات. "

ته‌ریقه‌تی قادری كه‌سنه‌زانی یه‌كێكه‌ له‌ ته‌ریقه‌ته‌كانی سۆفیگه‌ری و لقێكه‌ له‌ ته‌ریقه‌تی قادری.‌ دامه‌زراندنی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ کەسایەتی ئاینی شێخ عه‌بدلقادری گه‌یلانی. ناوی كه‌سنه‌زانی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێخ عه‌بدولكه‌ریمی كه‌سنه‌زان، كه‌ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كان چووه‌ته‌ خه‌ڵوه‌ت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ وایانزانیووه‌ مردووه‌، بۆیه‌ كاتێك پرسیار له‌ جێگه‌ و مه‌كانی كراوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامدا گوتوویانه‌ كه‌س نازانێت.

شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی، سه‌رۆكی ئێستای ته‌ریقه‌تی قادری كه‌سنه‌زانی، له‌ دوای كۆچی دوایی شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولكه‌ریمی كه‌سنه‌زانی باوكی بووه‌ته‌ سه‌رۆكی ته‌ریقه‌ته‌كه‌، كه‌ باوكی له‌ ڕۆژی 4/7/2020 له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵی دا كۆچی دواییكرد.

XS
SM
MD
LG