ڕێکخراوی هەنگاو کە هەواڵەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت، ڕۆژی هەینی،3ی ئەم مانگە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە بەلانیکەمەوە تەنها لە ماوەی مانگی دووی ئەمساڵدا، 76 کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی و سەندیکایی لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون .
ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت 73 کەس لەو دەستبەسەربوانە، بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و 3کەسیشان بە تۆمەتی چالاکی ئایینی لە لایەن دامودەزگا حکومییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراون.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم 94 کەسی لە سێدارە داوە و ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و دەزگای عەبدولڕەحمان برومەند دوو لەو ڕێکخراوانەن کە ڕۆژی پێنجشەممە، 2ی ئەم مانگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری لەسێدارەدانەکانی مانگی یەک و دووی ئەمساڵیان لە ئێران ڕاگەیاندوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو ڕێکخراوانە کۆیان کردۆتەوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە "توندوتیژی سێکسی و جۆرەکانی تری ئەشکەنجە" بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە زیندانیان کەڵکیان وەرگرتووە.
ئەو دوو ڕێکخراوە ناحکومییە لە ڕاپۆرتەکەیاندا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە دژی کەمایەتییەکان لە ئێران دەربڕیوە و ڕایانگەیاندوە کە له سەرەتای ساڵی 2023 وە تاکو ئێستا کۆماری ئیسلامی لە دادگایکردنێکی نادادپەروەرانەدا لانیکەم کەسێکی عەرب و 14 کورد و 13 بەلووچیان لەسێدارەداوە.
ڕێکخراوی هەنگاو سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە لایەن ئەو دوو ڕێکخراوەیەوە دەڵێت ژمارەکان زۆر زیاترن لەو رێژەیەی کە ڕاگەیەندراوە.
ئەو رێکخراوەیە دەڵێت تەنها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا،33 کورد لە سێدارەدراون و دابەزاندنی ئەو ژمارەیەش بۆ 14 کەس لە لایەن بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە جێگای پەسەند و قەبووڵکردن نییە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ وەک ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانیان لە ئێران کردووە.