Accessibility links

هه‌ڵبژاردنی فره‌ بازنه‌یی له‌ نێوان خواست و ڕه‌تكردنه‌وه‌دا


چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سیستمی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، سیستمی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ فره‌ بازنه‌یی، به‌و پێیه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووی هه‌رێم كه‌ یه‌ك بازنه‌ بوو، هه‌رێم ده‌كرێته‌ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن.

گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ فره‌ بازنه‌یی، داواكاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێن لارییان نییه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا به‌شی هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو حیزب سه‌رقاڵی گفتووگۆ و دانوستانن.

گه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان بگۆڕێت بۆ فره‌ بازنه‌یی، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و به‌ پێی ژماره‌ی دانیشتوان، ژماره‌ی كورسییه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكانی ( هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌) دابه‌ش ده‌كرێت.

ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"گه‌ر هه‌ڵبژاردن فره‌ بازنه‌یی بێت، په‌یوه‌ندی نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر بته‌وتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر ناوچه‌ و نوێنه‌ری خۆی ده‌بێت، به‌ڵام گه‌ر یه‌ك بازنه‌یی بێت، زۆربه‌ی نوێنه‌ره‌كان له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان ده‌رده‌چن و ئه‌وانه‌ش ده‌رده‌چن، كه‌ پاڵه‌وانی سه‌ر شاشه‌كانن."

ئه‌و وتیشی"هه‌ڵبژاردنی یه‌ك بازنه‌یی له‌دونیا باوی نه‌ماوه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی شاره‌كان نوێنه‌ریان نابێت، به‌ڵام بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن گه‌ر بچوك بوو، ئه‌وكات هه‌ر ناوچه‌ و نوێنه‌ری خۆی ده‌باته‌ په‌رله‌مان و ده‌توانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی بكات."

ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر یاسا و سیستمی هه‌ڵبژاردن بووه‌ هۆی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، گه‌ر ئه‌و دوو حیزبه‌ ڕێكبكه‌ون، بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت."

پێشتر به‌رپرسانی پارته‌ بچووكه‌كان، ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ خاوه‌نی یه‌ك كورسی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌یان بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا خستبوویه‌ڕوو، هه‌ڵبژاردن به‌ شێوازی فره‌ بازنه‌یی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌ گه‌وره‌كان و زیانی ئه‌وانه‌، چونكه‌ ده‌نگه‌كانیان به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌ش ده‌بێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان دروست ده‌بێت.

دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان، سه‌رۆكی ئینستتیوتی په‌ی بۆ چاودێریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاروباره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند"هه‌ڵبژاردنی فره‌ بازنه‌یی مه‌ترسییه‌ بۆ پێگه‌ی حیزبه‌ بچووكه‌كان، ئه‌وانه‌ی یه‌ك كورسییان له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌ هیچكامیان نه‌توانن كورسی بهێنن، هه‌روه‌ها ژماره‌ی كورسی هه‌ندێك له‌ حیزبه‌كانی تریش كه‌مده‌كاته‌وه‌."

دكتۆر سه‌روه‌ر پێیوایه‌، هه‌ڵبژاردنی فره‌ بازنه‌یی شتێكی ئه‌وتۆ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت، به‌ڵكو بیانووه‌و حیزبه‌كان بۆ ڕێگرتن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌یه‌كتری ده‌یگرن، وتی"ڕه‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی فره‌ بازنه‌یی ئه‌و سوده‌ی هه‌بێت، هه‌ر ناوچه‌ و نوێنه‌ری خۆی بنێرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ پێچه‌وانه‌ی جاری پێشوو، به‌ده‌نگی دهۆك نوێنه‌ر له‌ سلێمانی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌."

هه‌وڵه‌كان بۆ گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ فره‌ بازنه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقیش به‌ شێوازی فره‌ بازنه‌یی به‌ ڕێوه‌چوو، كه‌ عێراق كرابوویه‌ 18 بازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG