Accessibility links

ئه‌دهه‌م بارزانی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی نوێ دروست ده‌کات  


بە گوێرەی سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا ئه‌دهه‌م بارزانی، ئه‌ندامی پێشووی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئامۆزای مه‌سعود بارزانی وابڕیارە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی سیاسی ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم قه‌واره‌یه‌کی سیاسی نوێ دابمەزرێنێت. به‌ڵام هێشتا بڕیاریان نه‌داوه ‌به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی په‌رله‌مانی کوردستان بکەن.

قه‌واره‌ سیاسییه‌کە بە ناوی "هێڵی سێیه‌م" دەبێت و بە وتەی کەسانی نزیک لە ئەدهەم بارزانی دەیەوێت جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم کار بکات.

وریا سه‌عید ره‌واندزی کە کەسی دووهەمی لیستەکەیە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "به‌شێک نابین له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و جیاوازیش ده‌بین له‌ شێوازی کارکردنی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان. به‌رنامه‌که‌مان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م خه‌ڵک تا ڕای خۆیانی له‌سه‌ر ده‌رببڕن؛ پێمانوایه‌ ده‌توانین به‌شێک له‌و بۆشاییه‌ سیاسییه‌ پڕ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ له ‌هه‌رێم دروستبووه‌."

هەروەها ڕایگەیاند، "هه‌ڵسه‌نگاندنی وردمان نه‌کردووه‌ بۆ پێگه‌ و قه‌باره‌مان، به‌ڵام کاری باشمان له‌ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی وڵات کردووه‌، په‌یوه‌ندی فراوانمان له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ کاریگه‌ره‌کان دروستکردووه‌ و به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکیش، ده‌توانین بۆشاییه‌ سیاسیه‌کان پڕبکه‌ینه‌وه‌ و پێگه‌مان هه‌بێت."

ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌رۆکی قه‌واره‌ سیاسییه‌ نوێیه‌که‌، ئامۆزای مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ و له‌ ساڵی 1962 له‌ دایکبووه‌. له‌ ساڵی 1988 حزبوڵای شۆڕشگێڕی دامه‌زراندووه‌ و دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی کوردستان، بووه‌ته‌ ئه‌ندام له‌و په‌رله‌مانه‌دا. ئه‌دهه‌م بارزانی پێشتر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی بوو به‌ڵام له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌دا تێکچووه.‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ قه‌واره‌ی سیاسی "هێڵی سێیه‌م" که‌ داوایکرد ناوی بڵاونه‌کرێته‌وه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت کە ئه‌دهه‌م بارزانی له‌ ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتگیرییە و " لە په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی نوخبه‌ی ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا و ڕایان له‌سه‌ر قه‌واره‌ سیاسییه‌که‌ وه‌رده‌گرێت و هه‌وڵی به‌شداری پێکردنیشیان ده‌دات."

وریا سه‌عید ره‌واندزی ڕەتیکردەوە کە ناوی دامەزرێنەرەکانی قەوارەکە ئاشکرا بکات بەڵام گووتی کە که‌سایه‌تی سیاسی و ڕۆشنبیر له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هەرێمی کوردستان به‌شدارن.

ئەو ڕایگەیاند کە تا ئێستا ناوی قه‌واره‌که‌یان له‌ کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق و هه‌رێم تۆمار نه‌کردووه‌ بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێم و عێراق، به‌ڵام بڕیاره‌ به‌م نزیکانه‌ کۆببنه‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیار بده‌ن.

وریا سه‌عید ره‌واندزی پێشتر سکرتێری پارتی کاری سه‌ربه‌خۆی کوردستان بووه‌. دواتریش بووە بە راوێژکاری سیاسی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق و پاشانیش نوێنه‌ری حکومه‌تی سوید بووه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین.

وریا ڕه‌واندزی لە بارەی ئامانجی قەوارەکە بەدەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمه‌ سیاسه‌ت به‌ ڕق و کینه‌وه‌ ناکه‌ین، دژی هیچ حزب و سه‌رکرده‌یه‌ک نیین، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی خۆمان هه‌یه‌ له‌ به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی پارتی و یه‌کێتی، بۆیه‌ به‌م نزیکانه‌ دیراسه‌ی به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌که‌ین و بڕیاری لێده‌ده‌ین."

هێشتا قه‌واره‌ سیاسییه‌ نوێ یه‌که‌ بڕیاری له‌سه‌ر شێوازی کارکردنی له‌ناوخۆی هه‌رێم و دانانی بنکه‌ و باره‌گا نه‌داوه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌دهه‌م بارزانی سه‌رۆکی قه‌واره‌که‌، ناکۆکی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌یه‌ و له‌ مانگی ته‌مموزی ساڵی 2022 ه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئێرانه‌.

XS
SM
MD
LG