Accessibility links

ئێران و سعودیە لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕێککەوتن


دانوستانەکانی ئێران و سعودیە لە چین
دانوستانەکانی ئێران و سعودیە لە چین

ئێران و سعودیە ڕۆژی هەینی ڕێککەوتن لەسەر دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانیان دوای حەوت ساڵ لە دوژمنایەتی کە بووبووە هۆی نا سەقامگیری و هەڕەشەی ئاسایشی لە کەنداو و یارمەتیدەر بوو بۆ تاوسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەمەنەوە تا سوریا.

ئەم ڕێککەوتنە دوای چوار ڕۆژ لە دانوستانەکانی بەیژینگ هاتە ئاراوە کە پێشتر ئاشکرا نەکرابوو کە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای ئاسایشی دوو زلهێزی ڕکابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئێران، سعودیە و چین، تاران و ڕیاز ڕێککەوتوون "لە ماوەی دوو مانگ زیاتر نەبێت پەیوەندی دیپلۆماسی نێوانیان دەستپێبکاتەوە و باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان بکەنەوە".

"رێککەوتنەکە جەخت لە ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ لەخۆدەگرێت".

سعودیە ئێرانی بە هۆکاری هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی شانشینی سعودیە لە ساڵی 2019 و هەروەها هێرشکردنە سەر تانکەرەکان لە ئاوەکانی کەنداودا تاوانبار کردووە. ئێران ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە.

بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، زۆرجار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سنوور بەزاندیان بۆ ناو سعودیە ئەنجامداوە، کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی کردووە کە شەڕی حوسییەکان دەکات و لە ساڵی 2022 دا هێرشەکانیان پەلیکێشاو بۆ ئیماراتی عەرەبی.

هەروەها لە ڕێککەوتنەکەی رۆژی هەینی دا هاتووە کە سعودیە و ئێران ڕێککەوتن لەسەر کاراکردنی لەسەر ڕێککەوتنی هاریکاریی ئەمنی کە لە ساڵی 2001 واژۆ کرابوو، هەروەها ڕێککەوتنێکی دیکەی پێشتریش سەبارەت بە بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان.

هەردوو وڵات سوپاسی چین و هەروەها عێراق و عومانیان کرد بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی پێشووتر لە ساڵانی 2021 و 2022 دا.

ڕێککەوتنەکە لەلایەن عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئەمنی ئێران و موساعید بن محەمەد ئەلعەیبان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە واژۆ کراوە.

وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمەریکا ئاگاداری ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە و پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ یارمەتیدانی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG