Accessibility links

بەرپرسێکی ئیسرائیلی: پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران زیان بە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ناگەیەنێت


بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی وتی، هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە، بەهۆی نزیکبوونەوەی ڕیاز لەگەڵ ئێرانی دوژمنی سەرەکی، زیانی پێناگات.

تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان بە نێوەندگیری چین کە هەینی ڕاگەیەندرا، نەدراوە.

ئەو بەرپرسە باڵای ئیسرائیل لە زاری ڕۆژنامەنووسانی دیپلۆماسی ئیسرائیلی کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ڕۆما گەشتیان کردووە، ڕایگەیاندووە، نزیکبوونەوەی نێوان ڕیاز و تاران نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە و سەردانی بەرامبەری لەخۆگرتووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە هەستی بەوە کردبوو کە هەڵوێستی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ئێران لاواز بووە. سەرەڕای ئەوەش، کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕیاز نابێت.

لێدوانی بەرپرسەکە لە پەخشی گشتی کان و ڕێشێت 13 نیوزەوە بڵاوکرایەوە کە هەروەها وتیشی فاکتەری دیاریکەر بۆ ئیسرائیل سروشتی فەرمی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران نەبوو، بەڵکو هەڵوێستی ڕۆژئاوا بوو بەرامبەر تاران.

جێی وتنە نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە، دەیەوێت پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ سعودیە هەبێت، فراوانترکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی ئاساییکردنەوە کە لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) و بەحرەین لە ساڵی 2020 بە نێوەندگیری ئەمەریکادا ئەنجامدراون.

ئیسرائیل و پاشایەتییەکانی کەنداوی موسڵمانی سوننە نیگەرانییان لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانی شیعە و تۆڕە بەکرێگیراوەکانی هەیە، بەڵام لە کاتێکدا سعودیە دەستخۆشی لە پەیماننامەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل کرد، دانپێدانانی فەرمی بە ئیسرائیل نەنا بەهۆی نەبوونی بڕیارنامەیەک بۆ ئامانجەکانی دەوڵەتبوونی فەلەستین.

لەلایەکی ترەوە یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێرانی بە شکستی تەواو و مەترسیدار لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئیسرائیل ناوبرد.

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنێکی 1ی تشرینی دووەمدا لە لاپیدی بردەوە، نەتانیاهۆ لە مانگی کانوونی دووەمدا بە سەرۆکایەتی حکومەتێکی ڕاستڕەوە گەڕایەوە سەر دەسەڵات. لاپید بۆ ماوەیەکی کورت سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکی دەسەڵاتداری کردبوو کە لە هەڵبژاردنێکی پێشوودا نەتانیاهۆیان لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG