Accessibility links

ئەردۆغان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پێشدەخات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی هەینی بە فەرمی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیای بۆ14ی مانگی پێنج دیاری کرد، ئەمەش مانگێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بوو.

ئەردۆغان دوای واژۆکردنی بڕیارەکە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی "گەلەکەمان لە 14ی مانگی پێنج دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و پەرلەمانتارەکانی."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردوە کە هەڵبژاردنەکان هێنراونەتە پێشەوە، چونکە وادەی پلان بۆ داڕێژراوی خۆی کە 18ی مانگی شەش بوو، هاوکات بووە لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی زانکۆ و پشووی هاوینە و گەشتکردن بۆ حەج.

هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەبێتە گەورەترین تاقیکردنەوەی ئەردۆغان لە ماوەی 20 ساڵی دەسەڵاتداریدا، چوونکە نەوەک تەنها سەرکردایەتی تورکیا دیاری دەکات، بەڵکو چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئابووریی ئەو وڵاتە و هەروەها ڕۆڵ تورکیا لە سووککردنی ململانێکان لە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکات.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هاوپەیمانی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە بریتین لە شەش حزبی ئەو وڵاتە، کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی جەهەپەی وەک کاندیدی خۆی بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ئەردۆغان هەڵبژارد.

تورکیا لە ئێستادا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی خراپی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پاشهاتەکانی بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دووە کە سەدان هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە.
ئەردۆغان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی وڵاتەکەی بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 47 هەزار کەس.

زۆرێک ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن سەبارەت بە وەڵامدانەوەی بۆ بوومەلەرزەکە و سەرۆکی تورکیا بە بەرپرسیار دەزانن لەوەی کە وڵاتەکەی ئامادە نەکردووە بەرامبەر بە ڕووداوێکی لەو شێویە.

شارەزایان کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاساکانی بیناسازی بە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک دەزانن لە بوومەلەرزەکاندا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG