رێباز بیركۆتی كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وه‌زیری پێشمه‌رگه ده‌ڵێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هێشتا متمانه‌ی پێنه‌دراوه، تا وه‌كو وه‌زیری پێشمه‌رگه ده‌ست به‌كاربێت، به‌ڵام بۆیه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكای كردووه، چونكه دانیشتنه‌كه گرنگ و په‌یوه‌ندیدار بووه به هێزی پێشمه‌رگه‌وه و بانگهێشتكراوه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو، لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای هه‌رێم دا كۆبوویه‌وه، كه تێیدا رێباز بیركۆتی وه‌كو كاندید بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌شداربوو، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم هه‌ڵای لێكه‌وته‌وه، به‌و پێیه‌ی هێشتا ناوبراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه متمانه‌ی پێنه‌دراوه.
رێباز بیركۆتی كاندیدی وه‌زیری پێشمه‌رگه، له باره‌ی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"ئه‌مه‌ریكا له‌شه‌ڕی داعش پشتیوانێكی به‌هێزی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه بوو، ئه‌وان هه‌میشه له په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كه‌وه‌كو وه‌زاره‌تێكی گرنگی ده‌بینن، من له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه بانگهێشتكرام، به‌و پێیه‌ی سیفه‌تی فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانیشی هه‌یه، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش له‌سه‌ر خه‌ت بوون، ئه‌وان داوایانكرد وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌شداری بكات، ئێمه‌ش به‌شداریمان كرد."
ئه‌و وتیشی"ئه‌و هه‌ڵایه‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردی دروستی كرد له‌سه‌ر به‌شداریكردنی من، پێموانییه شتێكی باش بێت، ڕاگه‌یاندنه‌كان زۆر داوای لێدوانیان لێكردم، به‌ڵام ڕه‌تمكرده‌وه چونكه مه‌سه‌له‌كانیان شێواند، به‌ڵام بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا قسه ده‌كه‌م به‌و پێیه‌ی ده‌زگایه‌كی موعته‌به‌ر و پێگه‌دار و جێ متمانه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌م كرد، ئه‌مه‌ریكا داوایكرد و سه‌رۆكی هه‌رێمیش پێی‌خۆش‌بوو وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاماده‌گی هه‌بێت."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی دروستبوونی هۆكاری هه‌ڵای ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووه كه هێشتا له‌په‌رله‌مان سوێندی یاسایی نه‌خواردووه، رێباز بیركۆتی وتی"كاتێك شتێكی گرنگ دێته پێشه‌وه، ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ته‌ده‌خولی ئه‌م شته ناوخۆییانه ناكه‌ن، په‌یوه‌ندییان به‌م پرسه ناوخۆییانه‌وه نییه كه له‌هه‌رێم بووه‌ته گرفت، هه‌ندێكجار گرفتی نێوان هێزه سیاسییه‌كان پرسه‌كان دواده‌خات."
رێباز بیركۆتی كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه ڕوونیكرده‌وه، گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كان كه بڕیاره له‌حكومه‌تی هه‌رێم دا ئه‌نجام بدرێن، بڕیاریان لێدراوه و گۆڕانكارییه‌كان سێ وه‌زاره‌ت ده‌گرنه‌وه كه بریتین له ( وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف)، كه بڕیاره له په‌رله‌مانه‌وه متمانه به‌م كاندیدی ئه‌م وه‌زاره‌تانه بدرێت، وتی"ئه‌و ڕا جیاییه‌ی له سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆن دروستبوو، كاریگه‌ری هه‌بوو، خۆشبه‌ختانه ئێستا دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه و رێككه‌وتن ده‌ڕوات، بۆ گۆڕنكارییه وه‌زارییه‌كان چاوه‌ڕێی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانین، بڕیاری دانیشتنیان دا، ئێمه‌ش ئاماده‌ین."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كان ڕێككه‌وتوون، بیركۆتی وتی"ته‌قریبه‌ت ماویه‌تی."
له‌كۆتایی گفتووگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، رێباز بیركۆتی كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه روونیكرده‌وه، هیچ واده‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه دیاری نه‌كراوه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كان، به‌ڵام گه‌ر لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن بگه‌نه ئه‌نجام، ڕه‌نگه به‌م نزیكانه دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كان ئه‌نجام بدرێت.