Accessibility links

کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە


سوریا ڕۆژی شەممە پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە کرد بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان و کردنەوەی باڵوێزخانەکانی هەردوو وڵات و هیوای خواست کە ئەو کارە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەو ڕێککەوتنەی بە هەنگاوێکی گرنگ ناوبردوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێککەوتنی ئێران و سعودیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی خەڵکی دوو وڵات و تەواوی ناوچەکە دەبێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و سعوودیە ڕۆژی هەینی بە نێوەندگیریی چین ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، ئەمەش دوای ساڵانێک گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

هەروەها محەمەد عەبدولسەلام، سەرۆکی دانوستانکاری حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەبارەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە ڕاگەیاندوە کە "ناوچەکە پێویستی بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان وڵاتەکانی هەیە بۆ ئەوەی نەتەوەی ئیسلامی بتوانێت ئاسایشی لەدەستچووی خۆی لە ئەنجامی دەستوەردانی دەرەکیدا وەربگرێتەوە."

سەرۆکی گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنانیش کە ئێران پشتیوانیان دەکات ڕاگەیاندوە کە "دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە پێشکەوتنێکی گەورە و باشە."

وەزیری دەرەوەی عومانیش ڕایگەیاندوە "ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەمووان و سوودی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی دەبێت. هیوادارین لە درێژخایەندا ئەگەری زیادکردنی سوودە ئابوورییەکانیشی بۆ هەمووان هەبێت."

ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش لە تویتێکدا نووسیویەتی " پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ڕۆڵی چینیش لەم ڕووەوە ستایش دەکەین."

شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کە هاوکات بە شێوەی کاتی وەک وەزیری دەرەوەش کاردەکات، پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیەوە کردوە و پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کردوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسریش ڕایگەیاندوە کە هیوادارە ڕێککەوتنەکە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

عێراقیش پێشوازی لە رێککەوتنەکە کردەوە و وەک هەڵدانەوەی لاپەڕێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە ناوی بردوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG