دەزگای دادوەری ئێران ڕۆژی یەکشەممە سزای لە سێدارەدانی بۆ جودابیرێکی سویدی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بە تۆمەتی "تیرۆر" پشتڕاست کردەوە کە زیاتر دوو ساڵ لەمەوبەر لە فڕۆکەخانەیەکی تورکیا دیارنەما.
فەرەجوڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسیود لە مانگی دەی 2020ەوە لە ئێران دەستبەسەرە، دوای ئەوەی لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا دیارنەما و پاشان لە تاران دادگایی کرا.
چەعب کە رووبەڕی تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر ڕووی زەوی " بووەتەوە بەهۆی گوایە سەرۆکایەتی کردنی گروپێکی یاخیبوو لە شەشی مانگی 12 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ماڵپەڕی هرانا کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت لە هەواڵەکەی پشتراست کردووەتەوە و دەڵێت " حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیود، چالاکوانی سیاسی کە تۆمەتبارە بە بلاوکردنەوەی"گەندەڵی لەسەر زەوی"، لە دادگای باڵای وڵات پشتڕاستکرایەوە. پێشتر دوا دانیشتنی تۆمەتەکانی ئەسیود لە لقی 26ی دادگای شۆڕش لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەیمەن ئەفشاری بەڕێوەچوو."
هەر ڕۆژی یەکشەممەش، ماڵپەڕی میزان ئۆنلاینی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئێران بڕیارەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.
میزان دەڵێت "حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب فەرەجوڵڵا چەعب بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی لەلایەن دادگای باڵا پەسەندکرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تۆمەتی "پێکهێنان و بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی گروپێکی یاخیبوو بەناوی حەرەکات ئەلنیدال، و پلانداڕشتن و جێبەجێکردنی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە پارێزگای خوزستان" سزادراوە.
ئێران حەرەکات ئەلنیدالی بە "هاوکاری لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە" تۆمەتبار کردووە لەوانەدا هێرشی ساڵی 2018 بۆ سەر مانۆڕێکی سەربازی لە ئەهوازی پایتەختی پارێزگای خوزستان، کە دەسەڵاتداران دەڵێن 25 کەسی تێدا کوژراو نزیکەی 250 کەسیش بریندار بوون.
چەعب دوایین کەسە کە بەهۆی ئەندامێتی لە حەرەکات ئەلنیدال، یان بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ڕزگارکردنی ئەهواز کە ئێران بە "گرووپی تیرۆریستی" دەزانێت، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێدنراوە.
داواکاری گشتی ئێران ڕایانگەیاندووە، ئامانجی سەرەکی ئەو گرووپە " جیاکردنەوەی پارێزگای خوزستانی ئێران" بووە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی داواکاری گشتی ئێران، سەرکردەکانی دیکەی حەرەکات ئەلنیدال لە دانیمارک، هۆڵەندا و سوید جێگیرن و ئەو گرووپە لە لایەن سعویەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجستیکی وەردەگرن.
هەفتەی ڕابردوو میزان ڕایگەیاندبوو، دادگایەک لە ئەهواز سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەش ئەندامی ئەو گرووپەدا سەپاندووە بەهۆی ئەو هێرشانەی کە بە "فەرمانی سەرکردە ئەوروپییەکانیان" ئەنجامدراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوان بە "ئۆپەراسیۆنی چەکداری" لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2019 تاوانبار کرابوون کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس، لەنێویاندا سەربازێک و دوو ئەندامی هێزی نیمچە سەربازیی بەسیجی ئێران.
تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی چەعبی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا بەرپرسیارێتی هێرشی سەر مانۆڕی لەشکری لە ساڵێ 2028 لە ئەستۆ گرتووە و دانی بەوەداناوە کە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی سعودیە کاریان کردووە.
خوزستانی دەوڵەمەند بە نەوت، کەمینەیەکی گەورەی عەرەبی تێدا نیشتەجێیە و خەڵکەکەی لە مێژە گلەیی ئەوە دەکەن کە لە پەراوێزخراون.
بەگوێرەی گروپەکانی مافی مرۆڤ لەنێویاندا ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی، ئێران ساڵانە بێجگە لە چین، لە هەموو وڵاتانی تر زیاتر خەڵک لەسێدارە دەدات.
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، سێ کەسی دوو خاوەن دوو ڕەگەزنامە لەنێویاندا چەعب، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە سزای لەسێدارەدان یان لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە یان لەسێدارە دراون.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دەسەڵاتی دادوەری عەلیرەزا ئەکبەری، بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانیای لەسێدارە دا کە بە تاوانی سیخوڕی سزا درابوو، بەمەش پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان لەندەن و تاران کەوتە ژێر فشارێکی نوێ.
دادگای شۆڕشی تاران لە مانگی دووی ئەمساڵدا، سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر جەمشید شەرمهەدی ئەڵمانی ئێرانی، تەمەن 67 ساڵ، بە تۆمەتی پەیوەندی بە هێرشێکی ساڵی 2008 بۆ سەر مزگەوتێک.
حوکەمەکەی شەرمەهد ڕاگیراوە هەتا ئەوەکاتەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاست بکرێتەوە
لە ئێستادا لایەنیکەم 16 کەسی خاوەن پاسپۆرتی ڕۆژئاوایی کە زۆربەیان دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لە ئێران دەستبەسەرن.
تاران سورە لەسەر ئەوەی هەموویان بە شێوەیەکی ڕاستە و دروست دادگای دەکرێن.
سەرچاوە: فرانس پرێس