Accessibility links

ئێران دەڵێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکادا کراوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانیان


حسێن ئەمیر-عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بە کەناڵی دەوڵەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئێران و ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و هیوادارە بەم زووانە ئاڵوگۆڕەکە ئەنجام بدرێت.

ئەمیر- عەبدوڵاهیان گوتی "سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوینەتە ڕێککەوتێک و ئەگەر هەموو شتێک لە لایەنی ئەمەریکاوە بە باشی بەڕێوە بچێت، پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبین."

ئەو گوتی "لەلایەن ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە، لەکاتێکدا ئەمەریکا لە ئێستادا کار لەسەر هەماهەنگی تەکنیکی کۆتایی دەکات."

یەکێک لەو چەند ئەمەریکاییەی کە لە ئێران دەستگیرکراون، سیامەک نەمازی، بازرگانێکە و دوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، کە لە ساڵی 2016دا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

عیماد شەرغی، بازرگانێکی ئێرانی-ئەمەیکایی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 کاتێک لە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی تەکنەلۆژی کاری دەکرد دەستگیرکرا و لەوکاتەوە لە ئێران لە زینداندایە.

موراد تەهباز، ژینگەپارێزی ئێرانی ئەمەریکایی کە ڕەگەزنامەی بەریتانیاشی هەیە لە زیندنەی ئێرندایە.

سەرچاوە ئێرانییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دوو وڵاتی ناوچەکە بەشدارن لە زنجیرە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ ئازادکردی زیندانیان.

ساڵانێکە تاران داوای ئازادکردنی زیاتر لە دەیان ئێرانی لە ئەمەریکا دەکات، کە بریتین لە حەوت کەسی خاوەن ڕەگەزنامەی ئێرانی و ئەمەریکایی و دوو ئێرانی کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەمەریکایان هەیە و چوار هاووڵاتی ئێرانی کە هیچ پێگەیەکی یاسایییان لە ئەمەریکادا نییە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG