Accessibility links

حکومەتی عێراق هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق دەناسێنێت


مۆنۆمێنتی هەڵەبجە
مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە 13 ی مانگی سێی 2023ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە سەرپەرشتی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە ئەنجام درا، بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دراو هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق پێناسەکرا.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە هەڵەبجە بکرێتە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، بەڵام ئەم بڕیارە هێشا نەکراوە بە یاسا تا بە ڕەسمی ڕابگەیەنرێت."

چاوەڕوان دەکرێت ئەو پڕۆژەیەی کە بڕیارەکەی لەسەر دراوە، جارێکی دیکە بۆ پەسەند کردنی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێتەوە.

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی " بڕیارەکە لە چوار چێوەی پڕۆژەیاسایەک بووە ، ئەو پڕۆژە یاسایە جارێکی دیکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێتەوە و لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت، بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقیش ڕێکەوتنی فراکسیۆنەکانی لەسەرکراوە".

عێراق خاوەنی 18 پارێزگایە و بە زیادبوونی هەڵەبجە وەک پارێزگا دەبێتە 19 پارێزگا، هەموو پارێزگاکان بەشە بودجەی خۆیان هەیە و ساڵانە لە چوار چێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆیان خەرجدەکرێت و لە بازنەکانی هەڵبژاردنیش کورسی پەرلەمانیان بۆ دابیندەکرێت .

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو فراکسیۆنانەی کە کاریان لەسەرتەواو کردنی هەنگاوە ئیداریەکان لە حکومەتی ناوەندی کردووە."

پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر گرنگی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند" ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر دابینکردنی بەشە بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئاوەدانکردنەوە وەک پارێزگایەکی عێراق و دابینکردنی کورسی تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەران بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە تا نوێنەرایەتی هەڵەبجە بکەن لە عێراقدا و کردنەوەی فەرمانگە فیدڕاڵیەکانی سەر بە حکومەتی ناوەند لە پارێزگاکەدا".

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1999 هەڵەبجەی وەک پارێزگا ناساندووە و لە ساڵی 2013 شدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگاکردنەکەی پەسەند کردووە، بە پێی دەستووری عێراق هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە پەرلەمانی کوردستان پێش ساڵی 2003 دەرچوون، لە عێراق کاریان پێدەکرێت .

ئازاد عەبداللە پارێزەر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەڕووی یاساییەوە، لەبەرئەوەی هەڵەبجە پێشتر بە پارێزگا لە هەرێمی کوردستان ناسێنراوە و پێچەوانەی دەستوور نییە و هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەمدا نییە، بۆیە دوای ئەم بڕیارە، ئەگەر جارێکی تر پڕۆژەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بچێتەوە پەرلەمانی عێراق گرفتی یاسایی لەبەردەمدا نییە و هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگا دەناسرێت" .

لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکە کاردانەوەی هاووڵاتیانی لێ کەوتەوە و بەشێک لە هاووڵاتیان بەگرنگیەوە پێشوازی لێ دەکەن ، بەڵام بەشێکی دیکەیان پێیان وایە ساڵانە لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵێنی جیاجیا بە پارێزگای هەڵەبجە دەدرێت و دواتر جێ بەجێ ناکرێن.

محمد جەلال هاووڵاتیەکی هەڵەبجەیە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرنگە، بەڵام ئێمە گومانمان لەم بڕیارانە هەیە کە ساڵانە لە نزیکبوونەوە لەساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەدرێن و دوای ساڵیادەکە جێبەجێ ناکرێن."

چەند ڕۆژێکی تر یادی 35 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. ڕۆژی 16 ی مانگی سێی ساڵی 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هێرشیان بە چەکی کیمیایی کردە سەر شاری هەڵەبجە. نزیکەی 5 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و مەزەندەش دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی هێرشەکەوە زیانی تەندروستیـیان پـێگەیشتبێت، لەوانە شێرپەنجە، لە دەستدانی بینین، هەوکردنی سییەکان و نەزۆکی.

بە گوێرەی نوێترین ئامارەکانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پێکهاتووە لە قەزایەک و چوارناحیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکە 120 هەزار هاووڵاتیە.

لەماوەی ڕابردوودا شاندێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردووە و پرۆژەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئامادەیی توانا ئیداری و لۆجیستیەکانی هەڵەبجە بۆ بوون بە 19 هەمین پارێزگای عێراق ئامادەکردووە و ڕاپۆرتەکەیان گەیاندووەتە ئەنجومەنی وەزیران.

XS
SM
MD
LG