هێزی پێشمه‌رگه‌ی كاكه‌یی كه ژماره‌یان 688 پێشمه‌رگه بوو، هێزه‌كه تێكه‌ڵه بوو له پێشمه‌رگه‌ی سه‌ربه لایه‌نه كوردییه‌كان و له ساته‌وه‌ختی شه‌ڕی داعش دا بۆ پاراستنی ناوچه كاكه‌یی نیشینه‌كان له هێرشی داعش پێكهێنرا، به‌شی سه‌ره‌كی هێزه‌كه ئه‌ركیان له باشوری كه‌ركوك و ناوچه‌ی خازر پێ سپێردرابوو.
موقه‌ده‌م فه‌رهاد كاكه‌یی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی كاكه‌یی، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"نیگه‌رانین له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزه‌كه‌مان، هێزی كاكه‌یی، چونكه قوربانی زۆرماندا و ته‌نها هێزه‌كه‌ی ئێمه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، له كاتێكدا هێزی ئێزدی و شه‌به‌ك و كه‌مینه‌كانی تر ماونه‌ته‌وه."
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كاكه‌یی، پێشمه‌رگه‌كانی تێكهڵهبوون له یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كانی تر، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه یه‌كێتی و جێگره‌كه‌ی پارتی بوو، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و هێزه هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه و پێشمه‌رگه‌كانی به‌سه‌ر هێز و لیواكانی تردا دابه‌شكراون.
موقه‌ده‌م فه‌رهاد كاكه‌یی ڕوونیكرده‌وه، دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر هێزی كاكه‌یی په‌رتبوو، هێزه‌كه جیاكرایه‌وه، به‌شێك له هێزه‌كه و به‌شی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان لای یه‌كێتی مانه‌وه، به‌شێكی تری به‌ره‌و هه‌ولێر ڕۆشتن، وتی"ئه‌وه‌ی لای یه‌كێتی مایه‌وه خرانه سه‌ر فه‌وج و لیواكانی تر، ئێمه‌ش خراینه سه‌ر هێزه‌كانی 80."
ئه‌و وتیشی"هێزی كاكه‌ییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه و بنه‌مای نه‌ماوه، له كاتێكدا كاكه‌یی پێویستی به‌و هێزه هه‌بوو، شه‌هید و برینداری زۆریشمان هه‌بوو."
به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كاكه‌یی له شه‌ڕی داعش دا، 11 پێشمه‌رگه‌یان گیانیان له‌ده‌ستداوه و سه‌رووی 20 پێشمه‌رگه‌شیان برینداربوون.
جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی كاكه‌یی ئاشكراشیكرد، چه‌ندین جار داوای پێكهێنانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كاكه‌ییان كردووه، به‌و پێیه‌ی كه‌مینه‌كانی تر هێزه‌كانیان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و ته‌نها هێزی كاكه‌ییه‌كان هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه، وتی"ئاوڕ له داواكارییه‌كه‌مان نه‌درایه‌وه."
ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی به لیوا روكن به‌ختیار محه‌مه‌د ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه دروست نه‌بوو.