Accessibility links

لە کوردستانی ئێران دەیان کەس لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا  بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار دەبن


لە ڕێوڕەسمەکانی کە لە شارە کوردییەکانی ئێران بە بۆنەی نەورۆزەوە سازکراون زیاتر لە 40 کەس بەهۆی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بۆ زانیارییەکانی پشت بە سەرچاوەکانی نێو ئێران دەبەستێت دەڵێت لە دەمی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا خەڵکی کۆببونەوەو دروشمی دژ بە حکومەتیان دەگوتەوە.

هەنگاو دەڵێت شەوی دووشەممە لە شارەکانی مهاباد، بوڵواناوای سەر بە دێولان، سەقز و سنە هێزەکانی حکومەت بە گولەی ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر ئەو خەڵکەی بەبۆنەی نەورۆزەوە ڕژابوونە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامدا زیاتر لە 40 کەس بریندار بوون.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت زۆرترین بریندارەکان ژن و منداڵن.

لە گەڕەکی کەریم ئاوای شاری سەقز جگە لە تەقەی ڕاستەوخۆ دژ بەو خەڵکەی کە دروشمی "شەهید نامرێت" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەگوتەوە گازی فرمێسکڕژێنیس بەکارهێنراوە. بە پێی سەرچاوەکانی هەنگاو 9 کەس برندار بوون کە دوان لەوانە ژنن.

لە شارۆچکەی بوڵواناوای سەر بە شاری دێولانیش بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت 3 کەس بریندار بوون و هەر پاش ئەوە خەڵکی دێولان ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێگاکانیان بە ماشێنەکانیان داخست و هۆڕنیان لێدەدا و بەم شێوەیە پشتیوانیان بۆ خەڵکی بڵواناوا دەربڕی.

لە چەند گەڕەکێکی شاری سنەش هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردە سەر ئەو خەڵکەی بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز کۆببونەوە لەوێش چەندین کەس بریندار بوون بەڵام ژمارەیەکان هەتا ئامدەکردنی ئەم هەواڵە نادیارە.

نێوەندەی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە کە نیشان دەدات خەڵکی لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی لە نەورۆزدا کۆبونەتەوە.

ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەیە کە لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو لە میانەی سەردانێکیدا بۆ تاران لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیر کرابوو، لە کاتی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا بووە هۆی ناڕەزایەتی دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرانسەری وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG