بە وتەی هەڵسوڕاوێکی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان" لاهور شێخ جەنگی و دوو ئەندامەکەی شاندەکەی وەک یەکێتی سەردانی گۆڕانیان نەکردووە، بەڵکو وەک خۆیان سەردانیان کردون و لە پێشتردا ناسیاوی لە نێوان شێخ لاهوڕ جەنگی و دوو ئەندامی شاندەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە. "
لەو ڕووەوە سەفین مەلا قەرە هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی دەسلەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بێگومان لای ئێمە کاک بافڵ سەرۆکی یەکێتیە، خۆیان هەڵیانبژاردووە ئێمە داماننەناوە، مامەڵەی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی ئەو حزبەیە. "
چۆن سەردانی گۆڕانیان کرد؟
ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لاهوڕ شێخ جەنگی و دوو ئەندامی پێشتری یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە سلێمانی کرد.
سەفین مەلا قەرە هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" خۆی شێخ لاهور پەیوەندی کرد بە بەبەشی پەیوەندییەکانی ئێمە، وتبووی بەرنامەمان هەیە سەردانمان بکات و دواتریش سەردانی لایەنەکانی تر دەکات. "
لەدوای سەردانەکە هەمان ڕۆژ لاهور شێخ جەنگی بەشێک لە سەردانەکەی بە ڤیدیۆ و لۆگۆی یەکێتی و بە ناوی هاوسەرۆکی یەکێتیەوە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە.
سەفین مەلا قەرە دەڵێت" دوو ئەندامی سەرکردایەتی لەگەڵ بوو(پەروین خان و خوشکە ژینۆ) ئێمە پەیوەندیمان بەوەوە نیە، ئەوان لە یەکێتی دەرکراون یان نا چونکە ئەوان ناسیاون وە ئەوانیش وەک یەکێتی نەهاتبوون بۆ ئەو سەردانە بەڵام بۆ خۆیان دوایی بڵاوی دەکەنەوە کە وەک هاوسەرۆک و یەکێتی هاتوون ئەوە خۆیان ئازادن وەک چی ناوی خۆیان دەبەن. "
بۆچی لە ڕاگەیاندنی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هاوسەرۆک نەهاتبوو؟
پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سەردانەکەی لە پەیجی خۆی لاهور شێخ جەنگی، لە دوای کاتژمێرێک ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانەکەیان بڵاوکردەوە بەڵام پێشگر یا پاشگری (هاوسەرۆک)-ییان بەکار نەهێنرابوو.)
سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان (هاوسەرۆک) بۆ لاهوری شێخ جەنگی بەکارنەهێنرابوو؟
سەفین مەلا قەرە وتی " ئێمە حەزناکەین دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی بکەین، هەتا لەگەڵ کاک لاهوریش باسی ئەوەمان کرد، کە دەتوانن بە دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەن چونکە ئەوان هاوڕێ و ئامۆزان، بۆ خۆیان باشە کێشە نەبێت. "
وتیشی " ئێمە هۆکاری یارمەتیدەر دەبین بۆ چارەسەری کێشەکانیان نەک ببینە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکانیان، بەڵام دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆیی ئەو حزبە. "
ئایا یەکێتی لەو سەردانە نیگەران بوو؟
لە دوای ڕووداوەکانی 8ی مانگی حەوت ئەمە یەکەمین سەردانی لاهور شێخ جەنگیە بۆ لای لایەنەکان، ئەویش پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوو دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ناوبراوی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناوبرد، هەرچەندە دەستەی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە بڕیار ڕەتیکردەوە ناوبراو هاوسەرۆک بێت، بافڵ تاڵەبانی وەک تاکە سەرۆکی یەکێتی ناوبردبوو.
لەدوای بڕیارەکەی دادگای ئاسایشی هەولێریش، لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند " چالاکییەکانی بە ناوی هاوسەرۆکی یەکێتیەوە دەستپێدەکاتەوە. "
دەربارەی ئەوەی ئایا یەکێتی گلەیی لە ئێوە نەکرد کە بۆچی پێشوازیتان لە لاهور جەنگی کردووە؟
لە وەڵامدا سەفین مەلا قەرە وتی"نەمزانیووە گللەییان کردبێت، ڕەنگە لە دڵی خۆیاندا پێیان ناخۆش بوبێت، بەڵام نەمبیستووە گللەییان لێمان کردبێت، وە مافی گللەییشییان نیە، چونکە ئێمە بزوتنەوەیەکی سەربەخۆین و پەیوەندی و دیدار لەگەڵ کێ دەکەین یان نایکەین ئازادین، هەروەک ئێمە حەقمان بەسەر ئەوانەوە نیە، ئەوانیش ناتوانن حەقییان بەسەر ئێمەدا هەبێت کێ دەبینین یا کێ نابینین. "
دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کام لایەن باشترە (لاهوڕرجەنگی)یان (بافڵ تاڵەبانی)؟
وەڵامەکەی سەفین مەلا قەرە بەم جۆرە بوو" یەکەمج ارە شێخ لاهوری دەبینین، پاش ئەو کێشانەی لەگەڵ یەکێتی دروست بوو، بەڵام بێگومان پەیوەندی فەرمی ئێمە لەگەڵ کاک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی دەیکەین. "