وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له كه‌سوكاری سزادراوه‌كانی نێو چاكسازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی بردنه ژووره‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بۆ سزادراوه‌كان ده‌درێت، به‌ڵام ڕێوشوێنی توندییان گرتووه‌ته به‌ر و رێگه ناده‌ن ماده‌ی هۆشبه‌ر ببرێته نێو گرتووخانه‌كانی چاكسازی.
كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند"هه‌فته‌ی ڕابردوو باوكێك هه‌وڵیداوه ماده‌ی هۆشبه‌ر بباته نێو گرتووخانه‌ی چاكسازی سلێمانی بۆ كوڕه‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌ستگیركراوه، هه‌ندێك له كه‌س و كاری سزادراوه‌كان هه‌وڵی بردنه ژووره‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌ندێكجار خه‌ڵكی تر هه‌وڵی له‌و جۆره ده‌دات."
ئه‌و وتیشی"بازرگانیكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر له نێو چاكسازییه‌كان كه پێشتر هه‌بووه، ئێستا قه‌ده‌غه كراوه، ئامێری سۆنه‌رمان بۆ گرتووخانه‌كان دابینكردووه و ژماره‌ی پاسه‌وانمان زیادكردووه، رێوشوێنی توندمان بۆ رێگرتن له بردنه ژووره‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر گرتووه‌ته‌به‌ر، ئه‌وانه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌به‌ن ده‌یانده‌ینه دادگا."
پێشتر هه‌ندێك له به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم، بردنه ژووره‌وه و بازرگانیكردنیان به ماده‌ی هۆشبه‌ر له نێو گرتووخانه‌كانی چاكسازی پشتڕاست ده‌كرده‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك له كه‌س و كاری سزادراوه‌كان ئاماژه‌یان به ئالوده‌بوونی سزادراوه‌كانیان ده‌كرد له نێو زیندان دا.
وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێت"كاتێك ئێمه هاتین، دۆخی هه‌ندێك له چاكسازییه‌كان خراپبوو، له بابه‌تی بردنه ژووره‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر و موبایل و هه‌ندێك شتی تر كه‌شیاوی باسكردن نییه، ته‌نانه‌ت لێدانیش هه‌بووه له سزادراوه‌كان، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر و هێزی جێبه‌جێكار و به‌رپرس به‌شه‌كانمان گۆڕی، زیندانییه‌كانمان پۆلێن كرد و جیامان كردنه‌وه، بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌رمان له به‌كارهێن جیاكرده‌وه، ماده قورس و سوكه‌كانمان جیاكرده‌وه، لێدانمان قه‌ده‌غه كرد، گرنگیمان دا به خوێندن و خوێندنه‌وه و نوسین و دروومان."
سه‌رباری جه‌حتكردنه‌وه‌ی وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له قه‌ده‌غه‌كردنی سزادانی حوكمدراوه‌كان، به‌ڵام كه‌س و كاری به‌شێك له زیندانییه‌كانی بادینان، كه هه‌فته‌ی رابردوو سێ كه‌سیان لێ ئازادكرا، پێشتر جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌بوونی سزا له نێو چاكسازییه‌كان كردبوویه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه كوێستان محه‌مه‌د وتی"خۆم له‌گه‌ڵ سزادراوه‌كان دانیشتم، جیاكرابوونه‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان له هۆڵێك بوون، دواتر خستماننه یه‌ك هۆڵ، كێشه‌ی بردنه ژووره‌وه‌ی كتێبیان هه‌بوو، سستمه‌كه لای ئێمه وایه، كه‌س و كاری سزادراو ناتوانێت كتێب ببات بۆیان، ده‌بێت كتێب ببه‌خشێته كتێبخانه‌ی گرتووخانه و سزادراوه‌كان ئیستیعاره‌ی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانتوانی كتێبی زیاتریان لابێت."
هه‌روه‌ها وتیشی"هه‌ندێك كێشه‌ی تریان هه‌بوو، پێموتن بۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی لای ئێمه زیندانن به‌یه‌كچاو سه‌یریان ده‌كه‌ین، خه‌ڵك هه‌بووه ماده‌كه‌ی تیرۆر بووه و ئه‌ندام بووه له حزبێك كه براكه‌ی منیان شه‌هید كردووه، له‌گه‌ڵی دانیشتووم و كێشه‌كانم بۆ چاره‌سه‌ر كردووه، هه‌ر سزادراوێكیش سه‌رپێچی بكات، گه‌ر برای خۆشم بێت، ده‌بێت عقوبه بدرێت."
كوێستان محه‌مه‌د جه‌ختیكرده‌وه، لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان له گرتووخانه‌كانی چاكسازی قه‌ده‌غه‌كراوه، چونكه سزادراوه‌كان حوكمدراون، وتی"جارێك منداڵێك سكاڵای له توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كرد، فه‌رمانیكردبوو به پاسه‌وانه‌كه لێیبدات، جه‌سته‌ی منداڵه‌كه شین بووبوویه‌وه، توێژه‌ره‌كه و پاسه‌وانه‌كه‌شمان سزای تونددا."
له راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا كه چه‌ند ڕۆێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكرایه‌وه، تێیدا باس له ڕه‌وشی مافی مرۆڤ و دۆخی هه‌رێم و عێراق ده‌كات، ئاماژه به قه‌ره‌باڵغی گرتووخانه‌كان و خراپی دۆخی ناو گرتووخانه‌كان كراوه.
وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم وتی"ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا باسكراوه مه‌به‌ست له گرتن و گواستنه‌وه‌كان بێت، نه‌ك گرتووخانه‌كانی چاكسازی، هه‌رچه‌نده چاكسازییه‌كانی گه‌ورانیش قه‌ره‌باڵغه، گرتووخانه‌ی چاكسازی بۆ 990 كه‌س دروستكراوه، زۆر له‌وه زیاتر خه‌ڵكیان تێدایه، به‌ڵام چاكسازیمان كردووه له خۆراكی سزادراوه‌كان، كۆمپانیامان له‌سه‌ر كواڵێتی خۆراك خستووه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، گۆڕانكاریمان له‌خواردن و شێوازی سه‌ردانی و هه‌مووی كردووه، به‌ڵام راسته گرتووخانه‌كان قه‌ره‌باڵغن و خه‌ڵكی زیاتریان تێدایه."
ماوه‌ی 10 ساڵه و به‌هۆی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، تۆماركردنی ناوی كه‌م ئه‌ندامان و بڕینه‌وه‌ی موچه بۆیان ڕاگیراوه، كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وتی"لیژنه‌یه‌كی باڵای حكومی پێكهێنراوه، ناوی 15 هه‌زار كه‌س سڕاوه‌ته‌وه و ناوی 15 هه‌زار كه‌سی تر بۆ هاوكاری تۆماركراوه، ئه‌و 15 هه‌زار كه‌سه ئێستا پشكنینیان بۆ ده‌كرێ و 5 هه‌زار كه‌سیان ماوه پشكنینیان ته‌واو ببێت."
وتیشی"گه‌ر پشكنین ته‌واو بوو، ئێمه به راپۆرت ده‌یده‌ینه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ بڕیاردان، چونكه ئه‌مه له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نه، دواتر له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی ئابووری، بڕیار ده‌درێت له‌سه‌ر به‌ستنی موچه بۆیان."