پابه‌ندبوونی توركیا به بڕیاره‌كه‌ی ژووری بازرگانی پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێو ده‌وڵه‌تی و ڕاگرتنی هه‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، كۆتایی به‌خه‌ونی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان هێنا، كه ده‌یانویست ببنه خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆو زیاتر له 10 ساڵه بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق نه‌وت ده‌فرۆشن.
عێراق له ساڵی 2015 له دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵای له‌سه‌ر توركیا تۆماركردووه ، به‌هۆی رێگه‌دان به فرۆشتن و ڕۆیشتنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، عێراق داوای 26 ملیار دۆلاریشی وه‌كو قه‌ره‌بوو له توركیا كردبوو.
دادگای پاریس له مانگی 1 ی ئه‌مساڵ بڕیاری له‌سه‌ر سكاڵاكه داوه و یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نرابوو، تا ئه‌مڕۆ شه‌مه، ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه ئاشكرا كرا كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق كۆتایی هات، توركیاش پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كه و رێگرتن له ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه.
محه‌مه‌د حسێن شاره‌زای بواری ئابووری، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"پابه‌ندبوونی توركیا به بڕیاره‌كه‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، پرۆسه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كۆتایی پێ هێنا، كه هه‌رێم له پێناو ئه‌م ئابوورییه سه‌ربه‌خۆیه‌دا و له 2014 ه‌وه تا ئێستا، نزیكه‌ی 50 ملیار دۆلاری له‌ده‌ستداوه كه له عێراقه‌وه بۆی نه‌نێردراوه."
دوای پابه‌ندبوونی توركیا به بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، هێشتا چه‌ندین دۆسیه‌ی ئاڵۆز له نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌مێننه‌وه، به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی قه‌رزی كۆمپانیاكان كه لای هه‌رێمه، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی مامه‌ڵه كردنی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم گرێبه‌ستیان هه‌یه.
محه‌مه‌د حسێن، وتی"ئیراده‌یه‌ك لای هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابوورییه‌كان هه‌یه، بێگومان شێوازی چاره‌سه‌ركردنه‌كه به دڵی به‌غدا ده‌بێت نه‌ك هه‌رێم، چونكه به‌غدا براوه‌ی دۆسیه‌كه‌یه."
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و جه‌ختی له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی دۆسیه یاساییه‌كه‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس له توركیا كردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه"پاش بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس و به‌پێی پابه‌ندبوونه‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێم و توركیا به‌دوای میكانیزمی نوێ‌دا ده‌گه‌رێن بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت."
به پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ڕۆیته‌رزیش، دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی توركیاوه راگیراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی عێراقی به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا باشه، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی توركیای كردووه و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك رێككه‌وتوون، بۆیه ئێستا كاتێكی گونجاو بوو بۆ ئاشكراكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس چونكه كه‌شه‌كه له‌باربوو."
سه‌رچاوه‌كه وتیشی"پرسی شه‌نگال و په‌كه‌كه و هه‌ندێك دۆسیه‌ی تری سیاسیش گرێدراون به رێككه‌وتنی نێوان توركیا و عێراق و راگرتنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه."
ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له باره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌سه‌ر ڕاگرتنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی به دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان دروست نه‌بوون.
دوای بڕیاره‌كه‌ی توركیا بۆ راگرتنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، ڕه‌نگه دۆسیه‌ی ئاڵۆزتر له كاتی گفتووگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بێته پێش، به‌تایبه‌ت دۆسیه‌ی ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌رهێناوه و دواتریش فرۆشتووه.
دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز شاره‌زا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت"هه‌رێم هیچ رێگه‌یه‌كی تری له‌به‌رده‌م نییه جگه له رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق، ڕه‌نگه لایه‌نه‌كان له‌م كاته‌دا نه‌یانه‌وێ قه‌یران دروست بكه‌ن، به‌ڵكو توركیا و عێراق و هه‌رێمیش به ئاراسته‌ی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه هه‌نگاو ده‌نێن."
ڕاگرتنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه له كاتێكدایه، فرۆشی نه‌وت 70%ی سه‌رچاوه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه.
دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز وتی"عێراق له‌به‌رانبه‌ر نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستی كراوه‌یه، چونكه پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، یه‌كه‌مجاریشه توركیا ده‌چێته ژێر باری خواستی عێراقه‌وه له مه‌سه‌له‌ی نه‌وتی هه‌رێم دا."