دەزگای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی ویلایەتی میسیسیپی ڕایگەیاند ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە هۆی زریان و گەردەلوولێکی قورسەوە لانیکەم 23 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون و بەشێکی ناوچەکەش وێران بووە.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەدوای ڕزگاربوواندا دەگەڕێن لەناو داروپەردووی شاری سیلڤەر سیتی کە ناوچەیەکی بچووکی گوندنشینە لە ڕۆژئاوای میسیسیپی و ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها 200 کەسە و چوار کەسیش بێسەروشوێنن.
ئەو ڕێکخراوەیە بە ئاماژەدان بە ژمارەی گیانلەدەستداوان ڕایگەیاندوە "بەداخەوە پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە زیاد بکات".
هەروەها کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە شاری ڕۆڵینگ فۆرکدا ئامادەبوون، شارۆچکەیەکی 1700 کەسی کە بەهۆی گەردەلوولەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
سەرۆکی شارەوانی ڕۆڵینگ فۆرک لە کەناڵی سی ئێن ئێن گوتی "شارەکەم نەماوە، بەڵام ئێمە خۆڕاگرین و بەهێزتر دەگەڕێینەوە."
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "12 لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە شاری ڕۆڵینگ فۆرک بوون، چەند کەسێکیش لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە".
ئەو وێنانەی لە تۆڕە هەواڵییەکاندا بڵاودەکرێنەوە ئەوە پیشان دەدەن کە ماڵ و باڵەخانەکان بە تەواوی وێران و ڕووخێنراون و ئۆتۆمبێلەکان وەرگەڕاون و خەڵک لە تاریکی شەودا لە ژێر داروپەردووەکان خۆیان ڕزگار دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز