زاناکانی بایۆلۆجی کە لە پەرەسەندن دەکۆڵنەوە، هەمیشە گرنگیان بەو ئاژەڵانە داوە کە لە دوورگەکاندا گەشەیان کردووە.
لە هەندێک بارودۆخدا ئاژەڵەکانی دوورگەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە و زۆر جیاواز دەرکەوتون لەگەڵ هەمان جۆری کە لە ناوچە وشکانیەکانی سەر زەویدا ژیاون.
ئەو شارەزایانە ئاماژە بە ئاژەڵەکانی وەک فیلە کورتەبنە دەکەن کە سەردەمێک لە دوورگەی قوبرس لە دەریای ناوەڕاستدا ژیاوە. ئێستا ئەو ئاژەڵە لەناوچووە. بەڵام کاتێک ژیاوە تەنها قەبارەی ئەسپێکی بچووکی هەبووە. ئەو فیلانەی ئەمڕۆ لە ئافریکا و ئاسیا دەژین زۆر لەوە گەورەترن.
لە دورگەکانی ڕۆژئاوای هیندستان توێژەران گیاندارێکی زەبەلاحیان دۆزییەوە کە لە مشک دەچێت، بەڵام نزیکەی هەمان قەبارەی ورچێکی ڕەشی ئەمەریکای هەبووە. بێگومان مشک زۆر لە ورچ بچووکترە.
شارەزایانی پەرەسەندن بەو دیاردەیە دەڵێن “کاریگەری دوورگەیی”، ئەوان ئەم دەستەواژەیان بەکارهێناوە بۆ پێناسەکەردنی ئەو ڕاستییەی کە ئەو ئاژەڵانەی بە شێوەیەکی ئاسایی جەستەیان بچووکە لە دوورگەیەکدا "قەبارەیان بەرز دەبێتەوە"، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی بۆ ئەو ئاژەڵانە ڕاستە کە جەستەیان گەورەیە.
"کاریگەری دوورگە" ئاژەڵی قەبارە نامۆ بەرهەم دەهێنێت چونکە ئاژەڵە گەورەکان پێویستیان بە خۆراکی زیاترە لە ئاژەڵە بچووکەکان. لە دوورگەیەکدا بڕێکی سنووردار لە خواردن هەیە. لە ئەنجامدا ئاژەڵە گەورەکان بە تێپەڕبوونی نەوەکان بچووکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی بە کەمترین خۆراک بژین.
بۆ ئاژەڵە بچووکەکان، مەترسی ئەوتۆی نێچیرەکان لە دوورگەیەکدا نییە، بۆیە زۆرجار گەورەتردەبن.
لەم دواییانەدا توێژەران دەرئەنجامی دۆزینەوەکانیان سەبارەت بە هەزار و 231 ئاژەڵی هەبوون و 350 ئاژەڵی لەناوچوو کە لە سەردەمی 23 ملیۆن ساڵدا هەبوون بڵاوکردەوە. بۆیان دەرکەوتووە کە ئاژەڵەکانی دوورگەکان زیاتر مەترسی لەناوچوونیان هەیە بە بەراورد بە نزیکەکانیان لە وشکانی وسەرزەویدا. هاتن و نیشتەجێبوونی مرۆڤ مەترسی لەناوچوونی ئەم ئاژەڵە نامۆیانەی بەرز کردوە.
ڕۆبێرتۆ ڕۆزی زانای بواری ژینگە کۆنەکانە لە زانکۆی مارتن لوتێر هالی ویتنبێرگ لە ئەڵمانیا. نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە، کە لە گۆڤاری زانستدا بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆزی وتی ئەو و توێژەرانی دیکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "کەوانەی لەناوچوون ... لە دەیەکانی ڕابردوودا هێندەی تر بەرز بووەتەوە".
توێژەران دوورگەکان بە "شوێنی قەرەباڵغی جۆراوجۆری زیندەوەر" ناودەبەن. هەرچەندە تەنها لەسەدا 7ی بارستەی زەوی پێکدەهێنن، بەڵام لەسەدا 20ی جۆرە وشکانییەکان پێکدەهێنن.
دوو وڵاتی دوورگەیی فلیپین و ئەندەنوسیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی بێوێنەیان هەیە.
دوورگەی میندۆرۆی فلیپین خاوەنی گامێشێکە کە تەنها لەسەدا 21ی قەبارەی نزیکەکانیەتیلە وەشکانیدا. ئاسکە پەڵەدارەکانی دوورگەکانی پەنای و نیگرۆس تەنها لەسەدا 26 قەبارەی ئاسکەکانی وشکانی سەرەکیە.
هەروەها دوورگەی فلۆریس لە ئەندەنوسیا تاقیگەیەک بۆ “کاریگەری دوورگە” کە هەندێک جار پێی دەوترێت بنەمای فۆستەر.
ج. بریستۆڵ فۆستەر توێژەرێکی ئاژەڵان بووە لە ساڵانی شەستەکاندا.
فلۆریس سەردەمانێک شوێنی فیلی بچووک و مشکی زەبەلاح و جۆرێک لە لەقلەقە زەبەلاحەکان بووە. تەنانەت جۆرێکی زۆر بچووکی مرۆڤیشی هەبووە کە جارێک لەو دوورگەیەدا ژیاون بە ناوی هۆمۆ فلۆریسیێنسیس کە بەرزییەکەی نزیکەی 106 سانتیمەتر بوو. ئەو جۆرە مرۆڤە دواتر ناوی لێنراوە “هۆبت” و نزیکەی 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچوو.
کەتی لیۆن هاوبەشی نووسینی توێژینەوەکە بووە. زانای ژینگە دێرینەکانە لە زانکۆی نەبراسکا لە شاری لینکۆڵن.
ئەو ئاژەڵەکانی دوورگەکەی بە "سەیر و سەرسوڕهێنەر" ناوبرد. بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لەو ئاژەڵانە لە ئێستادا لەناوچوون و لەوانەی کە هێشتا لە ژیاندان، نزیکەی لەسەدا 50یان مەترسی مردنیان لەسەرە.
ئەو و توێژەرانی دیکە دەڵێن خێرایی لەناوچوونی دوورگەکان 100 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی بە زیادبوون کردووە.
ووتیشیان، مرۆڤ ڕۆڵی لە بەشێکی زۆری لەناوچوونەکاندا هەبووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مرۆڤەکان زیانیان بەو ژینگەیە گەیاندوە کە پشتگیری لە ئاژەڵە بیوێنەکان دەکات، ڕاویان دەکات، شوێنی ژیانیان لەناو دەبات و نەخۆشی و جۆرە داگیرکەرە نەخوازراوەکانیان هێناوە. تەنانەت جۆرێک کە پێش مرۆڤ هاتبوو homo erectus ئازاری ئاژەڵی دوورگەکانیان داوە.
هەروەها جۆناسان چەیس لە ناوەندی ئەڵمانیا بۆ توێژینەوەی یەکگرتووی جۆراوجۆری زیندوو کاری لەسەر ڕاپۆرتەکە کردووە. لەم ابرەیەوە دەڵێت "توێژەران ناتوانن لەسەدا سەد دڵنیابن کە هەموو لەناوچوونەکان بەهۆی بەشداریکردنی مرۆڤەوە هاتوون، چونکە لە هەمان کاتدا شتی دیکە لە دوورگەکاندا ڕوویداوە.
بەڵام وتی، “رێژەی لەناوچوون بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کردووە دوای هاتنی مرۆڤی مۆدێرن.” وەک نموونە ئاماژەی بە فیلەکانی دورگەی قوبرس کرد و وتی پێدەچێت زۆر ڕاوکرابن. وتی پێش ئەوەی مرۆڤەکان بگەنە ئەوێ، ڕەنگە تەنها چەند سەدێک ... و زۆری نەخایاندوە تا نەماون".