وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت حکومەتی عێراق سەبارەت بە کێشەیئەو کۆمپانیا نەوتیانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە گفتووگۆدایە و بەغدا دەیەوێت ئەم قەیرانە بە گفتووگۆ چارەسەربکات "تا کەمترین زیانی بۆ وڵات هەبێت."
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێڕاق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە نەوتی هەرێم ڕوونە و دەبێت هەموان پابەندی بن. دەبێت کۆمپانیای نەوتی عێراق نەوت هەناردەی دەرەوە بکات و ئەمە ئەولەویەتی کارەکانە. پێویستە تورکیا و هەرێمیش پابەندی بن."
عاسم جیهاد وتیشی" حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت ئامادەکاریان کردووە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە پێی ڕێوشوێنە تازەکان، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمدایە، بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕێوشوێنەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق، بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم تا پارەی نەوت بچێتە داهاتی نیشتیمانیەوە، دۆخەکە لەسەر ڕەزامەندی هەرێم وەستاوە تا وەزارەتی نەوت، نەوتەکە هەناردە بکات."
دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 لەسەر ڕێگە دان بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، عێڕاق لە دادگای نێوبژیوانی پاریس سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد و داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبووی کرد، لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئەو دادگایە سکاڵاکەی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوەو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تورکیاش هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندی هەرێم چەند جارێک سەردانی بەغدادیان کردوە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و وەزارەتی نەوتدا کۆبوونەوە بۆ ڕێکەوتن لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەی دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم هاتوونەتە ئاراوە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێڕاق وتی " وەفد لە هەرێمەوە دێن و ڕا گۆڕینەوە بەردەوامە لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز. گفتووگۆش دەکەین لەسەر پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. گفتۆگۆکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن. هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن."
گرێبەستی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان
یەکێک لەو گرفتانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان هەرێم و بەغداد مایەی گفتوگۆ و مشتومڕ بێت کێشەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەیە کە لەکێڵگە نەوتیەکانی هەرـێم کاری دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت دەکەن بێ ڕەزامەندی عێراق. لەسەر ئەم پرسە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا چەند کۆمپانیایەکیانی داوە بە دادگا.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی، " هێشتا ڕاوێژ دەکەین کەلەگەڵ برایانمان لە هەرێم تا بە کەمترین زیان لەم قەیرانە دەرچین، میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕابردوودا ڕویداوە و پەیوەندیدارە بە نەوتی هەرێمەوە. دەمانەوێت میکانیزمەکە بە جۆرێک بێت خزمەت بە ئابووری نیشتیمانی بکات. هیوادارین بە گفتووگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین."
لە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس کە بڕیاردرا بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، هەر ئەمڕۆ ئەو دادگایە ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم مافی عەمبارکردن و بەکارهێنانی بۆری نەوتی هەیە بۆ بەندەری جیهان.