ئێواره‌ی ڕۆژی 20ی ئه‌م مانگه، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی که‌رکوک له‌سه‌ر قه‌ڵای دێرینی شاره‌که ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان ئه‌نجامدا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان به جیا و لە ناو پارکی بابه‌گوڕگوڕ ئاهه‌نگی گێڕا.
لەسەر هۆکاری بڕیارەکەی پارتی، وەک ئاماژەیەک بە یەکێتی، که‌مال که‌رکوکی، سه‌رپه‌شتیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی که‌رکوک_گه‌رمیانی پارتی، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند، "لایه‌نێک هه‌وڵیدا خۆی به‌سه‌ر ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌که‌رکوک بسه‌پێنێت. هه‌ڤاڵانی ئێمه هه‌وڵی ڕاگرتنی باڵانسیاندا. مه‌رجی ئێمه ئه‌وه‌بوو نابێت ئه‌و لایه‌نه‌ی ڕۆڵی هه‌بووه له 16ی ئۆکتۆبه‌ر وتاری سه‌ره‌کی بخوێنێته‌وه. هه‌ر لایه‌نێکی تر بیخوێنێته‌وه ئاساییه، ئه‌وانیش پێداگربوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که بۆیه پارتی به‌جیا ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ئه‌نجامدا."
بەرپرسانی پارتی لە ڕابردوودا بەردەوام یەکێتیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە لە دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017 یەکێتی "خیانەتی کردووە" و بە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە عێراقیەکان لە کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تری جێناکۆک کشاوەتەوە. لە بەرامبەردا یەکێتی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و پارتی بەوە تاوانبار دەکات کە لە پرسی ڕیفراندۆم هۆشداری وڵاتانی هاوپەیمانی کوردی بەجدی وەرنەگرتووە و بەهۆی پێداگیری لە ڕیفراندۆمەکەوە کوردی لە عێراق تووشی نشوستێکی گەورە کردووە.
پێش 16ی ئۆکتۆبەر ژماره‌یه‌کی زۆر پۆستی پارێزگای که‌رکوک لای پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. به‌ڵام کادیرانی ئه‌و حزبه له‌و کاتەوە پۆسته‌کانیان جێهێشتووه و به‌عه‌ره‌ب و تورکمان پڕکراونه‌ته‌وه.
که‌مال که‌رکوکی ڕایگەیاند کە دۆخی کەرکوک "ئاسایی بکرێتەوە" و ئەو بەربەستانەی لەبەردەم گەڕانەوەی پارتین بۆ شارەکە نەهێڵدرێن. ئەو "ژماره‌ی پۆسته‌کانی پارتی زۆرن. پارتی سه‌ربه‌رزه به‌و هه‌ڤاڵانه‌مان که له‌پۆسته‌کان به‌رده‌وام نه‌بوون، ئێستاش بگه‌ڕێنه‌وه ده‌ستیان ماچ ده‌کرێت. پارتی مردووی پۆست نییه."
حکومەتەکەی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لە کۆتایی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دامەزرا لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنێکی چەند لایه‌نێکی کوردی و شیعی و سونییه‌کان. یەکێک له خاڵه‌کانی نێو رێککه‌وتنه‌که‌یان ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوکه، به شێوه‌یه‌ک هێزه‌کانی حه‌شد و هێزه عێراقییه‌کان ببرێنه ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوه‌ندی که‌رکوک راده‌ستی پۆلیسی شاره‌که بکرێت، وە هه‌روه‌ها باره‌گاکانی پارتی راده‌ست بەو حیزبە بکرێنه‌وه.
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی که‌رکوک_گه‌رمیانی پارتی ده‌ڵێت، "ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک و گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی به‌شێکه له کارنامه‌ی سودانی و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه، جێبه‌جێکردنی له‌سه‌ر کات وەستاوە. ئومێده‌وارین ئه‌م رێککه‌وتنه جێبه‌جێ بکرێت، چونکه میسداقیه‌تی ئه‌و لایه‌نانه ده‌رده‌خات که ئیمزایان له‌سه‌ر کردووه."
که‌مال که‌رکوکی وتیشی،"گه‌ر که‌رکوک ئاسایی نه‌کرێته‌وه ئه‌وکات قسه‌مان ده‌بێت. خۆم هه‌سته‌که‌م سودانی هه‌وڵده‌دات بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویه‌تی، ئێمه پابه‌ندین به رێککه‌وتنه‌که‌وه."
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی له مانگی 11ی ئه‌مساڵدا، که بڕیاره هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوکیش ئه‌نجام بدرێت، که ماوه‌ی 5 ساڵه ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه سڕکراوه و کۆنه‌بووه‌ته‌وه.
پارتی دەڵێت کە هیوای وایە کە کورد له‌م هه‌ڵبژاردنه بتوانێت ده‌سه‌ڵاته له‌ده‌ست دراوه‌کانی بەدەست بێنێتەوە.
که‌مال که‌رکوکی وتی"دۆخی که‌رکوک بۆ دانیشتوانه‌که‌ی خراپه و کوردی که‌رکوک قوربانیده‌رن. دڵنیام له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ده‌ڕژێنه سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و دۆخی شاره‌که‌یان ئاسایی ده‌که‌نه‌وه."