Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ پەسەند دەکات لە کاتێکدا سوید هێشتا چاوەڕێی دەکات



پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە پرۆژەیاسای ڕێگەپێدانی فینلاند بۆ چوونە ناو ناتۆوە پەسەندکرد، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی وڵاتەکە ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانی بەرگری ڕۆژئاوا لە کاتێکدا شەڕ لە ئۆکرانیا بەردەوامە.

پەرلەمانی تورکیا لە نێو 30 ئەندامی هاوپەیمانییەکەدا دواهەمین پەرلەمان بوو کە ئەندامێتی فینلەندای پەسەند کرد، دوای ئەوەی ئەنجومەنی یاسادانانی هەنگاریا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کرد.

سەرۆک تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای مانگی سێدا ڕایگەیاندبوو، فینلاند پەسەندکردنی تورکیای مسۆگەر کردووە دوای ئەوەی هەنگاوی پتەوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەرکوتکردنی ئەو گروپانەی ئەنقەرە وەک تیرۆریست سەیریان کردووە، هەروەها بۆ ئازادکردنی هەناردەکردنی بەرگری.
فینلاند و سوید ساڵی ڕابردوو لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوایان کرد بچنە ناو ناتۆوە. بەڵام پرۆسەکە لەلایەن تورکیا و هەنگاریا ڕاگیراوە. پەرلەمانی هەموو ئەندامانی ناتۆ دەبێت ئەو کەسانەی تازە هاتوون پەسەند بکەن.

دوابەدوای دەنگدانی پەرلەمانی تورکیا، حکومەتی فینلاند لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەندامێتی ناتۆ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی فینلاند و باشترکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەی دەریای باڵتیک و باکووری ئەوروپا.

تورکیا هێشتا خۆی لە پەسەندکردنی داوای ئەندامێتی سوید دراوسێی فینلاند ڕاگرتووە، کە بە وتەی ئەنقەرە لە سەرکوتکردنی ئەو کەسانەی کە تورکیا بە تیرۆریست دەزانێت، هەڵوێستی ئەوتۆی وەرنەگرتووە. هەرسێ وڵات ساڵی ڕابردوو پەیماننامەیەکیان لەسەر ئەو پرسە واژۆ کرد.

کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا هەفتەی ڕابردوو بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای فینلاند پەسەند کردبوو. پڕۆسەی یاسادانانی تورکیا لە کاتێکدا ڕووی دەدا کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 14ی ئایاردا ئامادە دەکات.

ئەندامێتی فینلاند نوێنەرایەتی یەکەم گەورەبوون دەکات لە دوای ئەوەی مەکدۆنیای باکوور لە ساڵی 2020 داپەیوەندی بە هاوپەیمانی ناتۆ کرد.

تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە سوید پێویستە هەنگاوی زیادە بنێت لە دژی لایەنگرانی چەکدارە کوردەکان و هەروەها ئەندامانی ئەو تۆڕەی کە ئەنقەرە بە بەرپرسیار لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 دا دەزانێت. تورکیا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ هەردوو گروپەکە دەکات.

دانوستانەکانی نێوان سوید و تورکیا پێشکەوتنێکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای چەند ناکۆکییەک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ناڕەزایەتی شەقامەکانی گروپە کانی لایەنگری کوردەکان لە ستۆکهۆڵم.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە پێشوازی لە پەسەندکردنی تورکیا بۆ فینلاند دەکات و هانی دەدات بە خێرایی ئەوەی سویدیش پەسەند بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG