Accessibility links

کۆمپانیای ئەجێڵیتی: سزادانی کۆڕەک و سیروان بارزانی بە زیاتر لە ملیار و نیوێک دۆلار کۆتایی و پابەندکەرە


کۆمپانیای لۆجیستیکی ئەجێڵیتی کوەیتی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە بڕیاری دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بە سزادانی کۆمانیای کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی بڕیارێکی پابەندکەرە و لایەنی دۆڕاو لە کەیسەکە ناچار دەکات بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە لایەنی براوە.

بەدر ئەلجیعان، ڕاوێژکارێکی باڵای کۆمپانیای مەیسانی هاوبەشی ئەجێڵیتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، " ئەم هەفتەیە نامەیەک بۆ وەڵامدەرەوەکان [کۆرەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی] دەنێرین بە مەبەستی بانگهێشتکردنیان بۆ پێشنیارکردنی پلانی پارەدانیان لە پەیوەست بە بڕیارەکە."

وەک ئاماژەیەک بە هەڵوێستەکانی کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی دوای بڕیارەکە، بەدر ئەلجیعان ڕایگەیاند، "بەڵام لێدوانەکەیان ئەوە دەردەخات کە ئەوان هیچ نیازێکیان نییە پابەندبن، بەداخەوە، کە ئەمەش زیاتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان لە بنەڕەتدا ڕێز لە جێبەجێکردنی سەروەری یاسا ناگرن."

ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 20-3-2023، دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیارێکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تێلیکۆمی ئیماراتی و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتی کوەیتییە لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و بڕیاری دا بە سزادانی کۆڕەک تێلیکۆم بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.


"بڕیارێکی خەیاڵی"

بەڵام سیروان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکادا کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند کە بڕیارەکە "زۆر زۆر دورە لە ڕاستی" و دڵنیایە لەوەی "بەم شێوازەی کە دەرچووە جێبەجێ ناکرێت."

سیروان بارزانی، کە خاوەنی کۆڕەک تێلیکۆمە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئەو پارەیەی کە دیاریکراوە بڕێکی خەیاڵییە... ئەو بڕەی کە ئەوان باسی دەکەن بە دڵنیاییەوە وەها نابێت وە بێ بنەمایە. ئەو کۆمپانیایەی کە هاتووە و پشکی کڕیوە، بەهای چەندە، تۆ بێیت ملیاری بکەیت...ئەمە شتێکی ناڕەوایە و جێبەجێش ناکرێت بەو شێوازە چونکە ڕاست نییە. دوای ئەوەی تێهەڵچونەوەی بۆ دەکرێت زۆر دادەبەزێت."

بەڵام بەدر ئەلجیعان ڕاوێژکارە باڵاکەی ئەجێڵیتی ڕەتیکردەوە کە بتواندرێت ئەو بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا بهێندرێت.

بەدر ئەلجیعان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم بڕە لە لایەن ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، بە گوێرەی یاساکانی ئەو دادگایە، کۆتایی و پابەندکارە. کۆڕەک/بارزانی توانای ئەوەیان هەیە لە بەردەم دادگای DIFC داواکاری پێشکەش بکەن بۆ لابردنی بڕیارەکە (ناوبژیوانییەکە لە DIFC بوو)، بەڵام بنەماکانی سەرکەوتنیان لەمەدا تەواو سنووردارە، بۆیەش دەرفەتی ئەوان بۆ گۆڕنی بڕیارەکە زۆر دوورە. دادگای DIFC بۆ نموونە پێداچوونەوە بە بنەماکانیدا ناکات بەڵکو تەنیا پێداچوونەوە دەکات بە پرسەکانی سیاسەتی گشتی و دادپەروەری بنەڕەتی لە پرۆسەکەدا."

لە بارەی ئەوەی کە ئەم شەڕە یاساییە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک چەندە کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی کاری کۆمپانیای لۆجیستیکی ئەجێڵیتی کوەیتی لە هەرێمی کوردستان، بەدر ئەلجیعان ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ کاروبارێکی ترمان نییە بەڵکو لە شوێنەکانی تری عێراق بازرگانیمان هەیە."


مێژووی کێشەکە

دوو ڕۆژ دوای بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کۆڕەک تێلیکۆم لە ڕاگەیێندراوێکیدا دڵنیایی دا بە بەشداربووانی کە بڕیارەکە "بە هیچ شێوەیەک" کاریگەری نابێت لەسەر چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی.

کۆڕەک ڕایگەیاند کە هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و گوتی، "دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم کێشەیە تەنها بابەتێکی تایبەتییە لە نێوان خاوەن پشکەکانی پێشوو و ئێستای کۆمپانیا."

سەرەتای پەیوەندی کۆڕەک تێلیکۆم لەگەڵ ئەجێڵیتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 ئەو کاتەی ئەجێڵیتی و کۆمپانیای ئۆرەنج کە پێشتر ناوی فرانس تێلیکۆم بوو، لە سەدا 44ی پشکی کۆمپانیای کۆرەکیان کڕی.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەجێڵیتی لە دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سکاڵای ئەوەی کردووە کە سیروان بارزانی ، کە هاوکات فەرماندەیەکی سەربازییە، وایکردووە کۆڕەک چەند گرێبەستێک لەگەڵ عێراق سێڵ بە چەند مەرجێکی نهێنی واژووبکات بۆ دەستگەیشتنی کۆڕەک بە کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیکی عێراق سێڵ.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتووە کە سیروان بارزانی لەگەڵ کەسێکی تر بە ناوی ڕەیمۆند سەمیر زینا بڕی 150 ملیۆن دۆلاریان لە بانکی نێوکیشوەری لوبنان Lebanon IBL Bank بۆ کۆڕەک قەرزکردووە بە ڕێژەی سووی ساڵانەی 13.25 لە سەد.

ڕۆیتەر دەڵێت سکاڵاکەی ئەجێڵیتی سیروان بارزانی و ڕەیمۆند سەمیر زینای بەوە تۆمەتبار کردووە کە بەڕێوەبەرانی کۆڕەکیان لە خشتەبردووە بەوەی ڕایانگەیاندووە کە قەرزەکە مسۆگەر نەبووە (بێ زەمانەت) بووە لە کاتێکدا لە ڕاستیدا مسۆگەر بووە، واتە دەبووایە سووی ساڵانەی نزیکەی لەسەدا 4 بێت.

ئەجێڵیتی لە داواکەیدا ئەو ڕەفتارە بە گەندەڵی دادەنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیروان بارزانی جیاوازی بڕی سووەکەی لەسەر حیسابی کۆڕەک بۆ خۆی بردووە.

داوا یاساییەکەی ئەجێڵیتی هەروەها دەڵێت کە جگە لە ڕەیمۆند سەمیر زینا، دوو کەسی تر بە ناوەکانی عەبدولحەمید ساڵح عەقراوی و نەوزاد حسێن جوندی ئاگادار و هاوبەشی ئەو بەڕێوبردنە "خراپەی" کۆڕەک بوون.

بە گوێرەی زانیاریەکانی ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز، کۆمپانیای ئەجێڵیتی لە داوا یاساییەکەدا دەڵێت، "نەبوونی شەفافیەت لە کارەکانی کۆڕەکدا و نەبوونی لێپرسینەوە لە بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە تۆمەتبارەکانەوە هەیە، بوونەتە هۆی خراپ بەکارهێنانی دەیان ملیۆن دۆلار."

دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە پاریسە داوایەکی دەنگی ئەمەریکای ڕەتکردەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەو بابەتە و خستنە بەردەستی بەڵگەنامەکان، بە بیانووی ئەوەی کە یاساکانیان ناچاریان دەکەن کەیسەکان بە نهێنی بهێڵنەوە.

بە هەمان شێوە، کۆمانیای ئەجێڵیتی ئامادە نەبوو بەڵگەنامەکانی سکاڵاکەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا هاوبەش بکات.

بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سیروان بارزانی ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق بەرپرسیارە.

سیروان بارزانی گوتی، "ئەسڵەن، ئەو بڕیارەی کە دەڵێن کە هاوبەشی ئۆڕەنج و ئەجێڵیتی لەگەڵ کۆڕەک کە تێکچووە، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، بە دەستی ئێمە نییە."

لێدوانەکەی سیروان بارزانی ئاماژەیە بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2017 کە تێیدا کۆمپانیا نێوخۆییەکانی پەیوەندی ناچارکرد بە کڕینەوەی پشکی کۆمپانیا بیانیەکان لە پرۆسەی "بەنیشتیمانیکردنی" هێڵەکانی پەیوەندی. بەرپرسانی عێراق ئەوکات ڕایانگەیاند کە بریارەکەی حکومەتی عێراق جگە لە سوودی ئابووری بۆ ئەو وڵاتە لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی عێراق، بە تایبەت بۆ چاودێری و ڕێگری لە هێڵی پەیوەندی گرووپە چەکردارییەکانی وەکو داعش.


XS
SM
MD
LG