Accessibility links

نوێنەری پێشووی یەکێتی لە ئانکەرە: پشتگیریکردنی پارچه‌کانی تری کوردستان رێگه‌و شێوازی خۆی هه‌یه‌


فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

بەرپرسی پێشووی نوسینگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ تورکیا ڕەخنەی لە مامەڵەی یەکێتی گرت لەگەڵ حزبە کوردیەکانی "پارچەکانی تری" کوردستان و ده‌ڵێت پشتگیری ئەو هێزانە له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ ڕێوشوێنی خۆی هه‌یه‌، ناکرێت به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ره‌چاو نه‌کرێت.

ئەو داوا ده‌کات یه‌کێتی و حکومه‌تی هه‌رێم گرفتی داخستنی فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و کێشه‌کانی تر به‌ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی پێشووی نوسینگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ تورکیا، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند، "هۆکاری داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕوونه‌، کورد له‌ نێو جوگرافیایه‌ک ده‌ژی که ‌به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ دابه‌شکراوه‌. یه‌کێتی هێزێک بووه‌ هه‌میشه‌ پشتگیری کوردی پارچه‌کانی تری کردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئوسوڵ و رێگه‌ی خۆی هه‌یه‌. ناکرێت ئاگات له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان نه‌بێت. ده‌بێت کێشه‌کان به‌ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێن."

تورکیا له‌ دوێنێ چوارشه‌مه‌وه‌ گه‌شته‌کانی به‌ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا داخستووه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا هۆکاری ڕاگرتنی گه‌شته‌کانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ هه‌وڵه‌کانی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌که‌که‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ زیادبوونی چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی فڕۆکەوانی ده‌کات.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت، "مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌مبوونه‌وه‌ی لێکتێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ دانیشتن و گفتووگۆی که‌م هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌کێتی و تورکیا پێکه‌وه‌ گفتووگۆ بکه‌ن."

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاگادارییه‌کی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌ کە له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکەوانی تورکیایه‌وه‌ هێڵی ئاسمانی تورکیا به‌ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا تا ڕۆژی 3 ی حەوتی 2023 داخراوه‌.

ئەم داخستنە لە هەمانکاتدا کاریگەری خستووەتە سەر ئەو گەشتانەی کە لەڕێگەی ترانسێتەوە ئەنجام دەدرێن. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرایکرد، بەھۆی ئەوەی تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا داخستووە، کۆمپانیای کۆندۆری ئەڵمانی ناتوانێت بەسەر ئاسمانی تورکیادا گەشت بکات بۆ سلێمانی.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی پێشووی نوسینگه‌ی یه‌کێتی له‌ تورکیا، پێیوایه‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و نابێت پاساو بدرێته‌ ده‌ست وڵاتانی ده‌وروبه‌ر "زه‌فه‌ر" به‌هه‌رێم به‌رن.

ئه‌و ده‌ڵێت، "کێشه‌کان په‌یوه‌ندیشیان هه‌یه‌ به‌ خراپی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌. له‌سه‌رده‌می مام جه‌لال دا کار بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی و نزیککردنه‌وه‌ی تورکیا و کورد له‌یه‌کتری کرا و هه‌وڵه‌کان سه‌رکه‌وتوو بوون. ده‌بێت یه‌کێتی هه‌وڵی ڕۆڵ بینینه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ی دیالۆگ بدات، تا کێشه‌کان له‌هه‌رێم دوور بخرێنه‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وتی، "له‌ کوردستان ئه‌و هێز و توانایه‌مان نییه‌ بتوانین به‌رانبه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ڕابوه‌ستین. ده‌بێت هه‌وڵی گفتووگۆ و دیالۆگ بده‌ین، گه‌رنا ئه‌وان ده‌وڵه‌تن و توانایان هه‌یه‌ ده‌توانن گه‌وره‌ترین کێشه‌ بۆ کورد دروست بکه‌ن. پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ کوردییه‌کان یه‌کگرتوو بن و پشتیوانی یه‌ک بن، په‌یوه‌ندییه‌کانیشمان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر ئاسایی بکه‌ینه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی"تورکیا و ئێران دراوسێمانن، پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بن و نێوانمان له‌گه‌ڵیان باشبێت."

فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌راگه‌یه‌نراوه‌که‌ی ئەمڕۆیدا جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کان له‌ رێگای که‌ناڵه‌ ره‌سمییه‌کانه‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان و ئاساییکردنه‌وه‌ی گه‌شته‌کان.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وتی"گه‌ر هه‌وڵی جدی بدرێت، هیچ شتێک نییه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت. ده‌توانن له‌گه‌ڵ تورکه‌کان دابنیشن و گوێیان لێبگرن. ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان له‌کوردستان هه‌یه‌، یه‌کێتی شه‌قامی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت ئاگای له‌شه‌قامه‌که‌ی بێت. ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک که‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتی و پارتی. نابێت گرفت بۆ حکومه‌ت دروست بکرێت، ده‌بێت هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان به‌ دیالۆگ بدرێت."

XS
SM
MD
LG