Accessibility links

ئۆکرانیا تاوتوێی ڕێگریکردن لە دزەکردنی زانیاری سەربازی دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا و بەرپرسانی باڵای ئاسایشی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکدا ڕۆژی هەینی باسیان لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دزەپێکردنی زانیارییە سەربازییەکان کردووە، دوای ئەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان سەبارەت وردەکاری هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا ، بۆ سەرکەناڵەکانی سۆشیال میدیا دزەیان پێکراوە.

لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە نەکراوە چۆن ئەو نهێنیانە دزەیان کردووە، هەروەها ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز نەکراوە کە دەڵێت بەڵگەنامەکان سەبارەت بە پلانەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بۆ بنیاتنانی سوپای ئۆکرانیا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دزەیان پێکراوە.

لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری ئۆکرانیادا هاتووە، "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستە سەر ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە دزەپێکردنی زانیاری سەبارەت بە پلانەکانی هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا"، بە وردی باس لە بابەتەکانی دیکە دەکات کە بەشداربووان هەروەها باسیان لێکردووە.

ڕۆژنامەی تایمز ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پنتاگۆن لێکۆڵینەوە دەکات کە چۆن بەڵگەنامەکان سەبارەت بە پلانەکانی بنیاتنانی هێزەکانی ئۆکرانیا پێش هێرشی بەرپەرچدانەوەی پلان بۆ داڕێژراویان دژی هێزە داگیرکەرەکانی ڕووسیا لەم هەفتەیەدا لە کەناڵەکانی سۆشیال میدیا بڵاوکرانەوە.

وتەبێژی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو زانیاریانەی لە پۆستەکاندا هاتووە بە تەواوی خەیاڵی بن، و هیچ دزەپێکردنێک نەبووە.

وتەبێژی لەشکری ئۆکرانیا ئەندری یوسۆڤ، وتی، شیکارییەکی سەرەتایی بۆ پۆستەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ژمارەی نادروست وساختەی قوربانیان پێکهاتوون.

وتیشی: بێگومان چاوەڕێی شرۆڤەی فەرمی دەکەین لە پنتاگۆنەوە، بەڵام پێموایە خەڵکی ئۆکرانیا هیچ بنەمایەکیان نییە بۆ نیگەرانی.

میخایلۆ پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا پێشتر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، ئەو پۆستانە لە ئۆپەراسیۆنێکی زانیاری ناڕاستی ڕووسیا دەچن بۆ چاندنی گومان لەسەر هێرشی بەرپەچدانەوەی هێزەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕێکی زۆر زانیاری خەیاڵی"یان تێدایە و پێدەچێت ڕووسیا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەستپێشخەرییەکە بدات لە لەشکرکێشیەکەیدا، کە ئێستا لە مانگی 14یدایە.

ڕاپۆرتی تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت بەڵگەنامەکان لە هەندێک بەشدا دەستکاریکراون. بەشێک خەمڵاندنێکی بۆ زیانە سەربازییەکانی ئۆکرانیا پێشکەش کرد کە زۆر زیاتر بوو لە خەمڵاندنەکانی ڕۆژئاوا کە تا ئێستا بەردەست کراون.

ئۆکرانیا قەبارەی زیانەکانی ئاشکرا ناکات و زۆر هەستیارە سەبارەت بەو بابەتە.

سێ بەرپرسی ئەمەریکی ڕۆژی هەینی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پێدەچێت ڕووسیا یان تاقمە لایەنگرەکانی ڕووسیا لە پشت دزەپێکردنی چەندین بەڵگەنامەی سەربازی نهێنی ئەمەریکا بن کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە کە خەملاندنێکی بەشەکی بۆ شەڕی ئۆکرانیا پێشکەش دەکەن.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، پێدەچێت بەڵگەنامەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکانی هێزەکانی ڕووسیا و ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەڵسەنگاندنەکانیان نافەرمی بووە و جیاوازە لە لێکۆڵینەوەیەک لە خودی دزەپێکردنەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG