Accessibility links

ئازەربایجان دەڵێت ڕێوشوێنی گونجاو بۆ کردەوەی تێکدەرانەی ئێران دەگرێتەبەر


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئازەربایجان وەڵامی لێدوانی هاوتا ئێرانییەکەی سەبارەت بە "پێویستی هاودەنگیی ئیسلامی لە نێوان ئێران و ئازەربایجان دژ بە ئیسرائیل" دایەوە و گوتی "هاوپشتی ئیسلامی بە مانای بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێک نییە."

ئایخان حاجی زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی شەممە 8ی ئەم مانگە ڕایگەیاند و گوتی هاودەنگی ئیسلامی کە ئێران بانگەشەی بۆ دەکات، بە مانای بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێک نییە و هەروەها بەمانای دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە و پشتیوانی لە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی موسڵمان نییە.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئازەربایجان لە درێژەدا گوتی "ئازەربایجان هەمیشە دراوسێیەتییەکی باش لەگەڵ دراوسێکانیدا ڕەچاو دەکات، بەڵام لە بەرامبەر کردەوەی تێکدەرانە، هەمیشە ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر."

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی لە کاردانەوەی سەبارەت بە دەرکردنی چوار ئەندامی باڵوێزخانەی ئێران لە باکۆ، داوای لە کۆماری ئازەربایجان کرد بۆ هاوپشتی ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی مزگەوتی ئەلئەقسا.
حاجیزادە لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا گوتی "ئیدیعای هاوپشتی ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بۆ ماوەی30 ساڵە ناڕەزایەتی بەرامبەر داگیرکردنی خاکی ئازەربایجان لەلایەن ئەرمەنستانەوە نیشان نەداوە."

هەروەها سەبارەت بە دەرکردنی چوار کارمەندی باڵوێزخانەی ئێران لە باکۆ گوتی، ئەوان خەریکی کردەوەی نایاسایی و دژ بە داب و نەریتی دیپلۆماسی بوون.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان لە ڕادەبەدەر ئاڵۆز بووە، بە تایبەت دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی باکۆ لە تاران.

سەرچاوە/ ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG