لە سوریا دوو ڕێگەی سەرەکی هەیە کە بە M4 و M5 ناسراون. هەردووکیان لە چوارچێوەی شەڕی سوریادا گرنگی ستراتیژی خۆیان هەیە.
ڕێگەی M4 لە دەروازەی سنوری یەرۆبی – ڕەبیعە لەگەڵ عێراق دەست پێدەکات و بە درێژایی 490 کیلۆ مەتر دەگاتە شاری حەلەب.
ڕێگەی M5 لە حەلەبەوە دەست پێدەکات و بەرەو باشوری وڵات دەڕوات تا سنوری نەسیب لەگەڵ ئوردن. درێژی ئەم ڕێگەیە 450 کیلۆمەترە.
ئەم دوو ڕێگەیە وەک خوێنبەری سەرەکی بازرگانی سوریان دادەنرێن. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لە ساڵی 2011، شەڕ و ململانێ و دانوستان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێگەیانە زۆر ڕوویداوە.
گرنگی ئەمانە لە چیدان بۆچی هێزە ناکۆکەکانی ناو سوریا دەیانەوێت ئەم ڕێگەوبانانە کۆنتڕۆڵ بکەن؟
نەخشەی کۆنترۆڵی M4
ئەم ڕێگەیە لە باکوری سوریا بە نزیکەی 32 کیلۆمەتر دوورە لە سنووری تورکیا. نزیکە لە هەموو شارە گەورەکانی باکوری سوریا.
تا مانگی دەی ساڵی 2019 ش بە درێژایی 420 کیلۆمەتر لە سەرەتای ڕێگەی شارۆچکەی ئێرێماوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مەنبینجەوە دوورە، لە ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بوو.
هاوکاتی هێرشەکانی تورکیا لە هەمان ساڵ بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی، ئەم ڕێگەیە بە درێژایی 110 کیلۆمەتر لە نێوان ناوچەی تیلتەمر هەتا عەین عیسا لە دەستی ئەوان دەرچوو. نە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و نە هێزەکانی سەر بە تورکیاش کۆنترۆڵیان بەسەر ئەو ڕێگەیەدا نییە. ئێستا بووەتە هێڵی دابەشبوونی نێوان هەردوولا.
بە نزیکەی 30 کیلۆمەتر، ڕێگەی M4 لە شارۆچکەی ئەرێمای باشووری ڕۆژئاوای مەنبەجەوە بۆ شارۆچکەی ئەبو زێدێنی باشووری ڕۆژئاوای شاری باب، کە دەکەوێتە پارێزگای حەلەبەوە، لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە. لەوێشەوە هەتا حەلەب کە دەکاتە 30 کیلۆمەتر لە ژێر کۆنترۆڵی سوریا و ملیشاکانی سەر بە ئێراندایە.
نەخشەی کۆنترۆڵی M5
ئەم ڕێگەیە درێژەپێدەری ڕێگەی M4ە و سەرەتاکەی لە پارێزگای حەلەبەوە دەستپێدەکات و بە ڕێگەی نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشق ناسراوە.
ئەم ڕێگەیە شارە سەرەکییەکانی ناوخۆی سوریا وەک حەلەب، حەما، حومس و دیمەشقی پایتەخت بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەحمەد رەحاڵ شرۆڤەکاری سەربازی ڕایدەگەیەنێت، ڕێگەی M5 کێشەی زۆری نییە، بەڵام بۆ هەموو لایەنەکانی ناوچەکە گرنگە، بەتایبەتی تورکیا، کە دەیەوێت ڕێگەی وشکانی خۆی بگەیەنێتە وڵاتانی کەنداو.
رەحاڵ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "دۆخی ڕێگەی M5 تا ئەندازەیەک باشە، چونکە لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی ئەسەد و ڕووسیادایە". دەشڵێت " بەشێکی کەمی لە باشووری حەلەب نزیکە لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بە گشتی ڕێگەکە کراوەیە. گرنگییەکەی زۆرە چونکە پایتەختی ئابووری سوریا حەلەب بە دیمەشقی پایتەختی سیاسی دەبەستێتەوە و ئەو ڕێگەیە بەرەو عەممان (پایتەختی ئوردن) و کەنداو دەچێت."
رەحاڵ کە ئەفسەری پێشووی سوپای سوریا بووە، ئاماژەی بەوەش کرد کێشەی گەورە لەسەر ڕێگەی M4 هەیە، چونکە هەموو هێزێک لە سوریا بەشێکی لەو ڕێگەیە کۆنترۆڵ کردووە و هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
رەحاڵ ڕایشیگەیاند "دوو کیشەی ئەم ڕێگەیە هەیە، بەشی یەکەمی کە لەژێر سەروەری تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیادایە، لە بابەوە تا حەلەب و لە بابەوە تا ڕۆژهەڵاتی فورات لە سەرێکانی، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە کە لە دەروازەی تریمب لە نزیک سەراقیبەوە تا نزیک ناوچەی داما لە لادێکانی لازقییە لە ژێر کۆنترۆڵی جەبهەتول نوسرە یان قاعیدەدایە".
ڕۆژنامەنووس هۆشەنگ حەسەن دەڵێت، گرنگی ستراتیژی M4 و M5 بووەتە هۆی ئەوەی هێزەکان لە سوریا ئەو ڕێگەوبانانە کۆنترۆڵ بکەن.
حەسەن گوتیشی" پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەقە و حەلەب و لازقییە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەچێتە سنوری عێراق و لە سنوری تورکیا نزیک دەبێتەوە، بەهۆی ئەو هۆکارانەوە زۆرێک لە هێزەکانی ئەوێ دەیانەوێت ئەو ڕێگەوبانانە کۆنترۆڵ بکەن".
گرێبەستەکانی لەسەر هەردوو ڕیگەکان هەیە
لایەنی تورکی و ڕووسیا ڕێکەوتنی زۆریان لەسەر M4 و M5 واژۆ کردبوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا. دوایین ڕێککەوتن لە مانگی سێی ساڵی 2022 لە مۆسکۆ ئەنجام درا. ڕێککەوتنەکە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی بە قوڵایی 6 کیلۆمەتر لە باشوور و لە باکوورەوە واژۆ کراوە.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، پێویستە نۆبەداری هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام بدرێت، لە شارۆچکەی تەرنەب لە ڕۆژئاوای سەراقیبەوە تا شارۆچکەی عەین ئەلحور کە دوا خاڵە لە ئیدلب، لە دیوی ڕۆژئاواشەوە لە دەوروبەری لادێکانی لازقییە.
ئەحمەد رەحاڵ ئەفسەر و شارەزای پێشووی سەربازی پێی وایە حەیەت تەحریر شام (HTS) یان جەبهەت ئەل نوسرە خاڵی ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیایە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ڕێگای خێرای M4.
دەشڵێت، ڕووسیا و تورکیا هەوڵیاندا ڕێککەوتنی دوور کەوتنەوەی شەش کیلۆمەتر لە رێگەکەوە جێبەجێبکەن و نۆبەداری هاوبەشی لەسەر ئەنجام بدەن، بەڵام سەری نەگرت، چونکە جۆلانی (سەرۆکی HTS) ویستی خۆی وەکو کەسی بەرپرسی ناوچەکە پیشان بدات و ڕێککەوتنەکان بە شێوازی ئەو ئەنجام بدرێن."
ڕێگاکانی M4 و M5 سەرەڕای هەموو هەوڵ و شەڕەکان بۆ کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە ناکۆکیەکانی سوریاوە، هێشتا لە نێوان هێزە بەشەڕچووەکانی سوریادا دابەش بوون. سەرەڕای هەموو ئەو شەڕانەی لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە و بەردەوامن، ئەم ڕێگەیە زیاتر بە کراوەیی ماوەتەوە بۆ بازرگانی و هاتووچۆش نەوەستاوە.
.