ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕۆژی سێشەممە لە ڕپۆرتێکدا هۆشداری دەداتە دادگای دەستوری تورکیا کە هەر بڕیارێک بۆ داخستنی هەدەپە ( پارتی دیموکراتی گەلان) دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەو و ئازادیەکانەوە.
دوایین ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ڕێکخراوەی لێخۆشبوونی جیهانی لە کاتێکدا بوو کە بڕیاری دادگای تورکیا ڕۆژی سێشەممە بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە کە سێیەم گەورەترین پارتییە لە پەرلەمانی تورکیا، دواخرا.
ڕێکخراوەکە داوای لە بەرپرسانی تورکیا کرد کە دۆسیەی دژ بە هەدەپە بکشێنەوە و بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆیان مامەڵە بکەن.
لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەییدا تیشک خراوەتە سەر داخوازییەکەی داواکاری گشتی بۆ قەدەغەکردنی کاری سیاسی بۆ 451 ئەندامی پێشوو و ئێستای هەدەپە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و ڕاگرتنی هەژمارە بانکییەکانی پارتەکە و ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردووکیان لەسەر بنەمای بەڵگەی بێ شایستەیی یان لاوازن. ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە "هێرشکردنە سەر مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی تورکیایە".
دادگای دەستوری تورکیا لە ساڵی 2021دا دۆسییەی دژی هەدەپەی قبوڵکرد و دادگاییکردنەکەش بەردەوامە. سەرەتای ئەم مانگە هەدەپە ڕایگەیاند کە لە وادەی دیاریکراوی 11ی چوار بەرگرییەکی زارەکی پێشکەش بە دادگای باڵای تورکیا ناکات، ئەمەش بە ئاماژەدان بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن پێش هەڵبژاردنەکانی 14 ی مانگی پێنج لە تورکیا بوو.
بەبێ ئامادە بوونی هەدەپە، دادگاکە کە ڕەتیکردەوە دۆسیەی داخستنەکە دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردن، و ئەمڕۆ سێشەممە دۆسێکەی بۆ ڕاپۆرتنوسی دادگاکە ناردووە بۆ نوسینی بڕیارەکە.
کاتێک ڕاپۆرتەکە تەواو بوو، دادگا وادەیەک بۆ 15 ئەندامەکەی دیاری دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆسیەکە و گەیشتن بە بڕیاری کۆتایی.
لە دادگای دەستوریدا 15 ئەندام هەیە و بەپێی یاسا لانیکەم 10 لەو ئەندامانە دەبێت ڕازی بن بۆ قەدەغەکردنی پارتێکی سیاسی.