Accessibility links

شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگاتە عەرەبستانی سعودیە


شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگاتە عەرەبستانی سعودیە

شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتۆتە عەرەبستانی سعودیە بە مەبەستی زەمینە ڕەخساندن بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئێران لەو وڵاتەدا. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم دوو وڵاتە ڕکابەرەی ناوچەی کەنداو لە هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیاندان دوای 7 ساڵ لەو دابڕانەی هەبووە لە نێوانیاندا.

ناسر کەنانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند " بەپێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکان، نیوەڕۆی چوارشەممە شاندی تەکنیکی ئێران گەیشتە ڕیاز و لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە پێشوازییان لێکرا.

چوونی ئەم شاندەی ئێران هەر تەنها چەند ڕۆژێکە پاش سەردانە هاوشێوەکەی شاندێکی عەرەبستانی سعودیە بۆ ئێران دوای ئەو ڕێککەوتنەی لە وڵاتی چین گەورە کاربەدەستانی ڕیاز و تاران مۆریان کرد.

تیمێک لەو شاندەی ئێرانییەکان، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە جیادەبێتەوە و دەڕوات بۆ شاری جەددە، تا لەوێ دەست بکات بە ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکەدا.

بەپێی تاران، سەرۆکی ئێرانیش بانگهێشت کراوە بۆ عەرەبستانی سعودیە؛ جا ئەگەر ئەو سەردانە بکات ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئێران سەردانی عەرەبستان بکات لە دوای سەردانەکەی ساڵی 1999ی محەمەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووتری ئێران.

ڕیاز لە ساڵی 2016دا پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ تاراندا پچڕاند، پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیە.

ئەو پەلامارەی ئێرانییەکان بەهۆی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای مەرگەوە بوو بەسەر نمر ئەلنمر، کەسایەتی شیعە لە عەرەبستانی سعودیە.

دانوستانەکانی ئاگربەستی یەمەن

لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم پەیوەندییانەی نێوان سعودیە وئێران ، سعودیە لەگەڵ یاخیبووانی حوسییەکانی یەمەنیشدا، کە ئێران پشتیوانیان دەکات، دانوستاندن دەکات، ئەمەش دوای هەشت ساڵ لە دەستپێکردنی دەستێوەردانێکی سەربازی بە ئامانجی دەرکردنیان لە دەسەڵات.

محەممەد ئەلجابر باڵیۆزی سعوودیە لەم هەفتەیەدا سەردانی سەنعای پایتەختی یەمەنی کرد کە لە ژێر دەستی یاخیبوواندایە و بە هیوای "سەقامگیرکردنی" ئاگربەستێکی باوە بەسەرچوو و کارکردن بۆ "چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر" لە نێوان حوسییەکان و حکومەتی لەکارخراودا.

سعودیە لە ساڵی 2015 هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان کۆکردەوە، دوای ئەوەی یاخیبووان دەستیان بەسەر شاری سەنعا و ناوچەیەکی فراوانی ئەو وڵاتەدا گرت و حکومەتەکەی ناچار کرد هەڵبێت.

ئەمەش وای کرد ببێتە گۆڕەپانێکی گەورەی شەڕەکانی ڕیاز بە وەکالەت لەگەڵ تاران، کە ململانێکانی سوریا، عێراق و لوبنانیش دەگرێتەوە.

شرۆڤەکاران دەڵێن سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، ئێستا دەیەوێت لە شەڕی هەشت ساڵە دەربچێت بۆ ئەوەی گرنگی بە پڕۆژە ناوخۆییەکان بدات کە ئامانجیان هەمەچەشنکردنی ئابوورییە پشتبەستوو بە وزەکەیەتی.

واشنتۆن سەرەڕای ڕۆڵی چین لەم ڕێککەوتنەدا کە بە گەورەترین ڕکابەری جیهانی خۆی دەزانێت، بە وریاییەوە پێشوازی لە لێکنزیکبوونەوەی نێوان سعودییەکان و ئێرانی نەیای ئەمەریکا دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG