Accessibility links

جووتیارێک لە تورکیا کە دەڵێت لەلایەن لەشکرەوە لە هەلیکۆپتەرێکەوە بەردراوەتەوە سزای زیندانی زیاتر لە 7 ساڵ دەدرێت


نەخۆشخانەی وان
نەخۆشخانەی وان

دانیشتنی دۆسێی عوسمان شیبان لەسەر "خستنەخوارەوەی لە کۆپەتەروە" ڕۆژی سێشەممە لە دادگای تاوانە قورسەکانی مێرسین بەڕێوەچوو. دادگا تیشکی خستە سەر بەڵگەکانی دۆسێکە و و سزای 7 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بەسەر شیباندا سەپاندووە بە تاوانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی چەکداریدا.

بەڵام پارێزەر ژیندا ڕوگەش کۆچاک دەڵێت، ئەم سزایە بەدڵنیاییەوە بەپێی یاسا و ڕێکاری یاسایی نییە و ئەم سزایە سزایەکی دادپەروەرانە نییە.

دەشڵێت " هیچ بەڵگەیەک نییە کە نیشان بدات شیبان ئەندامی ڕێکخراوێک بێت. لە مادەی 220ی یاسای تورکیادا مەرجەکانی ئەندامێتی دیاری کراوە. بەپێی ئەو مەرجانە پێویستە مرۆڤ هەمیشە لە پلەبەندی ڕێکخراوەکەدا بێت و هەموو فەرمان و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە جێبەجێ بکات. خۆسپێرەکەی ئێمە شیبان جوتیار و باوکی 8 منداڵە. لەبەر ئەوەی دۆخی دارایی خراپە، لە وەرزی بەهاردا دەچێتە گوند بۆ دروێنەکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکانی تا پایز پاشان دەگەڕێتەوە بۆ مێرسین."

شیبان و سەرڤەت تورگوت ڕۆژی 11ی ئەیلولی 2020 لە شارۆچکەی شاخی وان لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستگیرکران و دوای سێ ڕۆژ لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی هەرێمی وان دۆزرانەوە.

پاش ئەو ڕووداوە تورگوت لە 30ی مانگی 9ی ساڵی 2020 لە نەخۆشخانەی وان گیانی لەدەستدا، کە ئەوکاتە ڕاپۆرتی پزشکان ئاماژەیان بەوە کرد بەهۆی برینەکانی لە ئەنجامی " کەوتنەخوارەوەی لە شوێنێکی بەرزەوە" گیانی لەدەستداوە.

ژیندا ڕوگەش کۆچاک
ژیندا ڕوگەش کۆچاک

کۆچاک باسی لەوەشکرد، شیبان و تورگوت لە گوندەکە لەنێو خەڵکی گوندەکەدا دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون. دەشڵێت، هیچ پێشکەوتنێک لەو دۆسێیەدا نەبووە کە لەسەر ئەشکەنجەدەرەکان کراوەتەوە، "بەڵام شیبان یەکێک لە قوربانیانی ڕووداوەکە سزا دراوە".

سەرەڕای ئەوەی سەرجەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمان داوای لێکۆڵینەوەیان کرد و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش داوای زانیارییان لە سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ کرد، بەڵام هیچ ئەنجام و وەڵامێکیان دەست نەکەوت.

مەهمەت ئەمین بیلمەز، فەرمانڕەوای پێشووی وان، لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاندبوو کە ئەو دوو گوندنشینە هاوکاری ئەو ڕێکخراوەیان کردووە. بیلمێز ڕایگەیاندووە کە تورگوت لەکاتی ڕاکردن لە سەربازەکان لە بەردەکە کەوتووەتە خوارەوە و شیبانیش بەرەنگاری دەستگیرکردن بووەتەوە، بەڵام هەردووکیان بە شێوەیەکی دروست دەستگیرکراون.

کۆچاک دەستگیرکردنی شیبان و تورگوتی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، "سەرەڕای بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەخۆشخانەکان، هیچ شتێک لە دژی ئەشکەنجەدەرەکان نەکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا ڕوونە کە تورگوتیش سزا دەدرا ئەگەر لە ژیاندا بمایەتەوە."

گوتیشی "شیبان و تورگوتی پورزای لە بەرچاوی گوندنشینەکان ئەشکەنجە درابون و بە هەلیکۆپتەرێک بردرابوون. بەپێی بەڵگەنامەکانی نەخۆشخانەی دەوڵەتی شاری وان، نووسراوە کە ئەوان لە هەلیکۆپتەرەکەوە فڕێدراون. لە ئەنجامدا سییەکانی سەرڤەت تورگوت تەقیبوون و هەموو ئێسکەکانی شکابوو. پاشان ئەو گیانی لەدەستدا و شیبانیش بووە نیوە مرۆڤ و هێشتاش چاک نەبووەتەوە."

پارێزەر کۆچاک لە نێوان حەوت ڕۆژدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی شیبان لە داواکاری گشتیی هەرێمی عەدەنە دەکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤی تورکیا لە ساڵی 2020 لە بڕگەی ئەشکەنجەدان و ڕەفتار و سزای توندی نامرۆڤانەدا ئاماژەی بەم دۆسێیە کردبوو.

ئەمەش ببینە

XS
SM
MD
LG