Accessibility links

عەبدوڵای حاجی مەحمود: سەردانی شاندەکەی حکومەت بۆ لای کاک قوباد تاڵەبانی بۆ زانینی هۆكاری به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتییە لە کۆبوونەوەکان


عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمدا بڕیاردراوە کە شاندێک بە بەشداری ئەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ چارەسەری گرژیەکان و گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند، "دیدگاكان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ كێشه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چاره‌سه‌ر بكرێت. له‌و ئاراسته‌وه‌ ئێمه‌ش پێشنیارمان كرد بۆئه‌وه‌ی ستافێک له‌ وه‌زیره‌كان بچین له‌نزیكه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

وتیشی، "گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕایه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تیش ڕێگری نه‌بوو. دواجار گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین."

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە بەهۆی چڕبوونەوەی ناکۆیەکانی نێوان پاتی و یەکێتی لەمانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە قوباد تاڵەبانی و چەند وەزیرێک لەکابینەی حکومەتی هەرێم کە لە پشکی یەکێتین بەشداری کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناکەن.

چەندین جار بەرپرسانی یەکێتی و خودی قوباد تاڵەبانی باسییان لەوەکردووە بەهۆی "سزادانی" پارێزگای سلێمانیەوە لەم کابینەی حکومەتی هەرێم تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمییان کردووە. پارتی لە بەرامبەردا دەڵێت داهاتی سلێمانی بە تەواوی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنە حکومەت و یەکێتی بە "پاوانکاری" لە سلێمانی تۆمەتبار دەکات.

دواین گرژیەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە لە سەرەتای ئەم مانگە بوو بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سلێمانی و هیرشە درۆنیەکەی 7ی مانگ بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

لە کاردانەوەی ڕووداوەکان وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ، وەک دەڵێت، "ڕەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی لە سنووری سلێمانی،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە یەکێتی.

لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی، لە بەرامبەردا گوتی، "جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین."

عەبدوڵای حاجی مەحمود بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سەرەڕای ئەم ناکۆکیانە، هیوادارە کە هەردوو حیزبی دەستەڵاتداری هەرێم بگەنە چارەسەرێک.

ئەو ڕایگەیاند، "ئێمه‌ ده‌چین بزانین گیروگرفته‌كان چییه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی چییه.‌ پێشبینی ده‌كه‌م ڕێگه‌یه‌ک هه‌بێت بگه‌ینه‌ ئه‌نجام."

هەروەها وتی بەردەوامی کێشەکەن زیان بە داهاتووی هەرێم دەگەیەنێت و بۆیەش "هه‌موومان به‌رپرسیارێتی یاسایی و سیاسیامان له‌سه‌ره‌ ده‌بێت هاوكاربین. هه‌م بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌م بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تو وه‌زیره‌كانیش پێویسته‌ جوڵه‌یه‌ک بكه‌ن...سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ هاوكاربین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین."

عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەدایە کە ده‌بووایه‌ زووتر جوڵە دیبلۆماسییە ئەنجامدرابا و دەڵێت نایشارێتەوە "كه‌متەرخه‌میش له‌ ئێمه‌وه‌ وه‌كو وه‌زیر هه‌یه.‌"

عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری حکومەتی هەرێمە لەسەر پشکی سۆسیالیست. پێشتر حیزبەکەی بە سەرۆکایەتی محەمەدی حاجی مەحمود چەندین جار باسی ئەوەیان کردووە کە هەوڵیانداوە بۆ نزیککردنەوەی یەکێتی و پارتی لە یەکتر، بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجام بوون.

سەبارەب بەم هەوڵەی دوایی، وەزیری شەهیدان ڕایگەیاند، "ئه‌مه‌یان دیدگاكه‌ وایه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت."

دەنگۆی پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی

پێشتر چەند میدیایەکی لۆکاڵی هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە لە کۆبونەوەی ڕابردووتری ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆکراوە لەسەر ئەگەری پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لە حکومەت.
بەڵام عەبدوڵای حاجی مەحمود ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردەوە و ڕایگەیاند، "ئێمه‌ ئێستا به‌و ئاراسته‌یه‌ ئیش ده‌كه‌ین چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كه‌ین."

فڕۆکەخانەی سلێمانی
تا ئێستا حکومەتی هەرێم لەسەر داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە.

لەدوای بۆردومانەکەی هەینی ڕابردووی فڕۆکەخانەکەش وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەکەیدا جگە لە تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە هۆکاری ئەو بۆردومانە، هاوکات هیچ ئیدانەیەکی بکەری ئەو بۆردومانەی نەکرد.

سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم دوای ڕووداوەکە، عەبدوڵای حاجی مەحمود وتی کە بڕیاردراوە بە دروستکردنی لیژنه‌یه‌ک بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

ئەو ڕەتیکردەوە کە زانیاری زیاتر لەسەر هەنگاوەکانی ئەو لیژنەیە بدات بەڵام جەختی کردەوە لەوەی "به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كێشه‌كان باس ده‌كرێن."

سەردانی بەغدا

هەوڵەکانی وەزیری کاروباری شەهیدان لە کاتێکدان کە ئەمڕۆ 14ی مانگی 4 ساڵیادی ئەنفالکردنی گوند و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمە، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە.

وەزیرەکەی هەرێم دوێنێ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کۆبوەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند، "لیستێكم پێشكه‌ش كرد لەسەر سه‌رجه‌م ئه‌و گیروگرفتانه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفالكراوان له‌ناویاندا قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی كوردستان، به‌رپرسیارێتی بكه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراقی به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هه‌مانه‌. ئه‌ویش بڕیاریدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات. چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین وه‌ڵامێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌بێت بۆ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و خه‌ڵكی كوردستان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:15 0:00

XS
SM
MD
LG