Accessibility links

بەهۆی هێرشەکەی نزیک پێنجوێن دوو کەس کوژراون و دوو کەسیش بریندار بوون


بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی کە شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کرایە سەر هەرێمی کوردستان لانیکەم دوو کەس کوژراون و دوو کەسیش برینداربوون. کاربەدەستان تورکیا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتباردەکەن.

کاربەدەستێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە هێرشەکەی ئێوارەی شەممە لە نزیک پێنجوێن ئۆتۆمبیلێکی چەکدارانی پەکەکەی تێدا کراوەتە ئامانج.

لەلایەکی تریشەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەمەڕ هێرشەکە دەربڕی.

ئەبوبەکر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون".

لە بەیاننامەکەدا ئەبوبەکر "هیوای دەربڕیوە کە ئەم هێرشانە بوەستن، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە".

ئۆفیسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "سەرۆکی حکومەت نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی و پالپشتی حکومەتی بو دابینکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری زیاتری ناوچەکە بە پارێزگار ڕاگەیاند"

لە 7ی مانگی چواریشدا، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی کە تورکیای پێ تۆمەتبارکرا، کرایە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، لەو کاتەدا فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئەمەریکاش لەوێ بوون.

ئانکەرە نکوڵی لێکرد.

تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس/ پارێزگاری سلێمانی/ حکومەتی هەرێم


XS
SM
MD
LG