سوپای سودان ڕۆژی یەکشەممە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەیەکی هێزێکی نیمچە سەربازیی ڕکابەر لە نزیک پایتەخت دەستپێکرد لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە دەستگرتنەوە بەسەر وڵاتەکەدا ، دوای ئەوەی ململانێکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بوونە هۆی پێکدادانەکانی کە هەتا ئێستا 56 هاووڵاتی سڤیل و دەیان چەکداری تێدا کوژروە.
شەڕەکە ڕۆژی شەممە لە نێوان یەکەکانی سوپای سەربە ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا RSF بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان دەقلو دەستیپێکرد. ئەمەش یەکەم پێکدادانی لەم جۆرەیە لەوەتای هەردوولا هێزەکانیان لە ساڵی 2019 یەکخست بۆ دەرکردنی عومەر حەسەن بەشیر.
وڵاتانی زلهێزی جیهان لە ناویاندا ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، میسر، شانشینی عەرەبستانی سعودیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەروپا و یەکێتی ئافریکاش داوایان کردووە ئەو شەڕە دەستبەجێ کۆتایی پێبهێندرێت.
هەوڵەکانی وڵاتانی دراوسێ و ڕێکخراوە ناوچەییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان ڕۆژی یەکشەممە چڕتر بووەوە. ئەوەش بریتی بوو لە پێشنیارێکی میسر و سودانی باشور بۆ نێوەندگیری لە نێوان لایەنە بەشەڕچووەکاندا.
شایەتحاڵان درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، لە کۆتایی ڕۆژێک شەڕی سەختدا، سوپا هێرشی کردە سەر سەربازگەیەکی هێزەکانی RSFی لە شاری ئومدەرمان کە نزیکە لە خەرتومی پایتەختەوە.
چ لەشکر و چ هێزەکانی RSF یش ڕایانگەیاند کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی سودان و دامەزراوە گرنگەکانی تری خەرتومیان لە دەستدایە کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد.
ئەم دوو ڕکابەرە لە کێبڕکێی دەسەڵاتدان لە کاتێکدا کوتلە سیاسییەکان دانوستان دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتیی دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 2021.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەدا، دانیشتووان ڕایانگەیاند بە درێژایی شەو گوێیان لە دەنگی تەقە و تەقینەوەی بۆمب بووە. تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە چەند گرتە ڤیدیۆییەکی پەخش کردووە کە نیشانی دەدەن دوکەڵێکی زۆر بەسەر لە هەندێک ناوچەی خەرتومەوە بەرزبووەتەوە.
هودا، گەنجێکی دانیشتووی باشووری شاری خەرتووم و بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ترساوین، 24 کاتژمێرە نەخەوتووین بەهۆی دەنگەدەنگ و لەرزینی ماڵەوە، نیگەرانین لە تەواوبوونی ئاو و خۆراک، هەروەها دەرمان بۆ باوکم کە نەخۆشی شەکرەی هەیە".
ئەو خانمە گوتیشی " ئەوەندە زانیاری ناڕاست هەیە و هەمووان درۆ دەکەن، نازانین ئەمە کەی کۆتایی دێت، چۆن کۆتایی دێت."
تەجرید عابدین، تەلارسازێکی دانیشتووی خەرتومە و دەڵێت، کارەبا کوژاوەتەوە و خەڵک هەوڵی پاراستنی پاتری مۆبایلەکانیان دەدەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، "گوێمان لە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران و تەقەی دەمانچەیە".
سەندیکاکانی پزیشکان ڕایانگەیاندووە، گەیشتن و گەڕانەوە بۆ نەخۆشخانەکان بۆ پزیشکان و نەخۆشەکان قورسە و داوایان لە سوپا و RSF کردووە ڕێگەی پارێزراویان بۆ دابین بکەن.
دوو کاربەدەستی کۆمپانیای MTN پەیوەندییەکانی سودان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتووە کۆمپایاکە خزمەتگوزاری ئەتەرنێتی بە فەرمانی ڕێکخەری پەیوەندییەکانی حکومەت ڕاگرتووە.
ئەم شەڕە دوابەدوای ئاڵۆزییەکان لەسەر تێکەڵبوونی RSF و لەشکر ڕوویدا. ڕێکنەکەوتن لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو مەبەستە بووە هۆی دواخستنی مۆرکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەسەر ئاستی جیهانی پشتیوانی لێدەکرا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ گوستنەوەی دیموکرسی.
ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئەگەری هەیە سودان بخاتە ناو ململانێیەکی بەرفراوانەوە لەکاتێکدا لەگەڵ ڕووبەڕووی باری خراپی ئابووری و توندوتیژی خێڵەکی دەبێتەوە، ئەمەش هەوڵەکانی هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنەکان تێکدەدات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز