بە وتەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، قسەکانی ڕۆژی یەکشەممەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "تێکدانی" کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی وەفدەکەی ئەنجومەنی وەزیران بووە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارێکی پارتی ئەوە ڕەتیدەکاتەوە.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ، "ئهم شێوازی دهربڕین و ئاخاوتنی سهرۆكی حكومهت ڕوونه، لهلایهک وهفدێک دهنێرێت بۆ گفتوگۆ و بهحساب بۆ چارهسهركردنی كێشهكان لهگهڵ تیمی یهكێتی، لهلایهكی تر هێرشێكی توند دهكاتهسهر هاوبهشێكی ڕاستهقینهی خۆی له حكومهت. "
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی مەراسیمی بەربانگ لەگەڵ کاسبکاران و کرێکارانی شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، " هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی كە خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بێنین."
هەرچەندە مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا ناوی هیچ لایەنێکی نەهێنا، بەڵام بەشێکی زۆر لە میدیا ناوخۆییەکان دەڵێن مەبەستی یەکێتی بووە.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی حکومەتی بەوە تۆمەتبارکرد گوایە "نیهتی ئاشتهوایی نییه" چونکە "لە سەرهوه قسهیهک دهكات و لهژێرهوهش ڕهفتار و ههڵسوكهوتهكانی بهشێوازی تێكدانی نێوماڵی كورده. "
بەڵام شوان کەریم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکرنەوە و وتی " ئەو قسانەی جەنابی سەرۆکی حکومەت نوێ نییە، هەرخۆی ئەوە دروشمی پارتییە، لە دروستبوونی پارتیەوە ئەوە دروشمی پارتییە. "
شاندی ئەنجومەنی وەزیران
قسەکانی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدا بوو کە تەنها چەند کاتژمێرێکی مابوو بۆ سەردانی شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی بە مەبەستی گەڕانەوەی تیمەکی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای سەرۆکی تیمی یەکێتی پێکهاتبوون لە وەزیری ئەقاف لە پارتی، وەزیری شەهیدان لە سۆسیالیست و وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەمڕۆ دووشەمە کۆبوونەوەکەیان ئەنجام دا.
ناردنی ئەم شاندە لە کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوولە لایەن سەرۆکی حکومەت و لەسەر پێشنیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان بڕیاری لەسەردرا.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندیکرد بە وەزیری شەهیدان بەڵام ئەو ئامادە نەبوو لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە لێدوان بدات.
لوقمان وەردیش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لێک نزیكبوونهوهی پارتی و یەکێتی، "ئەوان لهسهرهوه قسهیهک دهكهن و لهژێرهوه بۆمبێک دهتهقێننهوه بۆ لهباربردنی ههموو ئهو ههوڵانه. "
وتیشی"من پێموایه ئەو قسانەی دوێنێی سەرۆکی حکومەت پێش ئهوهی هێرش بێت بۆسهر یهكێتی نیشتمانی كوردستان هێرش بووه بۆسهر ئهو بهڕێزانەی كه ئهمڕۆ ناردونی بۆ لای كاک قوباد تاڵهبانی. بۆیه من پێموانییه ئهم جۆره ههوڵانه شتێكی لێ سهوز بێت. "
لای خۆشیەوە شوان کەریم پەرلەمانتاری پارتی ئەوەی ڕەتنەکردەوە کە لێدوانەکەی سەرۆکی هەرێم ڕووی لە یەکێتی بووبێت و ڕایگەیاند، "ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت ڕەنگە بەشێک لە ناو یەکێتی بگرێتەوە نەک هەموو یەکێتی. "
وتیشی، "ئێمە مەبەستمان خاکفرۆشان و کاری تیرۆریستان و ئەوانەن کە ئامادەن تێکەڵاوی هەموو کەسێک بکەن بەس تەنها بۆ خستنی ئەم ئەزمونەی هەیە. "
سەبارەت بە بایکۆتی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانتارەکەی پارتی وتی، "ئەو برادەرانە وەک چۆن لە ئیمتیازاتەکان سودییان وەرگرتووە، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، وەک هاوبەشی ڕاستەقینە مامەڵە بکەن چونکە ئەنجومەنی وەزیران شوێنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانە. "
یەکێتی نیشتمانی، هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، بۆ نەمانی شەراکەت لە حوکمڕانی و پشتگوێ خستنی ناوچەکانی سلێمانی دەگێڕێتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی. پارتی دیموکراتیش دەلێت هۆکاری نیگەرانییەکانی لە یەکێتی بۆ تێوەگلانی چەند ئەفسەرێکی دژە تیرۆری سلێمانی دەگەڕێتەوە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە شاری هەولێر.
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی یەکجاری یەکێتی لە حکومەت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند، "ئێمه خۆمان خاوهنی حوكمڕانین و بهرپرسیارێتی خهڵكمان لهسهر شانه.. ئێمه مهیدان چۆڵ ناكهین خۆمان به بهرپرس دهزانین بهرامبهر به ژیان و گوزهرانی هاووڵاتیان بۆیه شهڕی خزمهتگوزاری هاووڵاتیانیش دهكهین. "