Accessibility links

جەمال کۆچەر: پێموایە هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن دۆخی هه‌رێم لە ڕووی موچەی فەرمانبەرانەوە خۆش ده‌بێت


جەمال کۆچەر
جەمال کۆچەر

ئەندامێکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات بەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە خەمی موچەیان نەبێت، هەم بەهۆی ئەم حکومەتەی ئێستا وە هەم بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ وا بڕیاردراوە هەڵبژاردن بکرێت لە هەرێمی کوردستان.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "با خه‌ڵک دوودڵ نه‌بن و هیچ فشارێكی ده‌روونی له‌سه‌رخۆی دروست نه‌كات، ئه‌و حكومه‌تەی ئێستای عێراق حكومه‌تێكی تێگەیشتووه‌ واته‌ لێكتێگه‌یشتنی زۆره‌ له‌گه‌ڵ كوردستان."

وەک ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بردرێت، جەمال کۆچەر وتی"له‌بیرمان نه‌چێت هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌ممان دایه‌؛ مادام هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ مانای وایه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن. من له‌و قه‌ناعه‌ته‌م هه‌تا دوای هه‌ڵبژاردن دۆخی هه‌رێم خۆش ده‌بێت."

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقی بڕیاریدا بە ناردنی چوار سەد ملیار بۆ هەرێمی کوردستان. مانگی ڕابردووش بەهەمان شێوە حکومەتی عێراق چوار سەد ملیاری نارد بۆ هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراقی ڕایگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە وەک پێشینەیە تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراقی.

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ئەمڕۆ سێ شەممە ئەو هەواڵەی بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ پشتڕاستکردەوە.

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بۆ هەرێم لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە بەهۆی بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس، تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە کە حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی لەبەردەست نابێت بۆ موچەی مانگی داهاتوو.

بەڵام جەمال کۆچەر پێی وایە تا پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، حکومەتی عێراقی پابەند دەبێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم.

ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق وتیشی، "من له‌و بڕوایه‌دام حكومه‌تی عێراقی ئاماده‌ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر كه‌ له‌كۆتایی مانگی پێنج بودجه‌ په‌سه‌ندكرا ئه‌وكات ده‌توانن له‌ به‌شی هه‌رێم داببه‌زێنن ئیتر ده‌ستگرتنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ حكومه‌تی عێراق شتێكی قورس و ئه‌سته‌م نییه‌، نه‌ک هه‌ر له‌ڕێگه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی بانكی مه‌ركه‌زی قه‌رزێكی كورتخایه‌ن بۆ یه‌ک یان دوو مانگ وه‌ربگرن."

ئەو پێیوایە پێش مانگی 6 پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هەناردەی نەوتی هەرێم

بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیووانی لە دادگای پاریس دژی تورکیا، لەسەر سکاڵایەکی پێشتری حکومەتی عێراقی بوو. دوای ئەوە تورکیا پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دەستەکە ڕاگەیاند و هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت.

لەگەڵ ئەوەی کە هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەڵام تا ئێستاش تورکیا و عێراق نەگەیشتونەتە ڕێگاچارەیەک لەم بارەوە. سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕایگەیاند لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو جارێكی تر نه‌وته‌كه‌ هه‌نارده‌ بكرێته‌وه.

جەمال کۆچەر گەشبینی خۆی بەڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد دەربڕی بەوەی "بۆ عێراق و بۆ هه‌رێمیش باشه‌. "

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بە قەیرانێکی ئابووری تێپەڕدەبێت، بەشێوەیەک حکومەتی هەرێم بۆ چەندین مانگ نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران بە تەواوی یان لە کاتی خۆیدا بدات.

ساڵی 2012 لای بەشێک لە چاودێران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەساڵی زێڕینی دۆخی باشی ئابوری هاووڵاتیانی هەرێم باس دەکرێت، بەوپێیەی لەو ساڵانەدا بەردەوام فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە لەکاتی خۆیدا موچەیان وەردەگرت و چەندین پێشینەش وەک هاوکاری دەدرایە هاووڵاتییان.

جەمال کۆچەر پییوایە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دوو مەرج دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی خۆشگوزەرانی ساڵانی پێش شەڕی داعش.

جەمال کۆچەر دوو مەرجەکەی بەم شێوەیە ڕیزکرد: یه‌كه‌م، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، واته‌ هه‌رێم و به‌غداد هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ی. دووهەم حكومه‌تی هه‌رێم شه‌فاف بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد دێت.

XS
SM
MD
LG