Accessibility links

هاوپەیمانە سەرەکییەکان و پێگەی پارتە کوردەکان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا


پشتیوانانی کەمال کلیچدارئۆغڵو
پشتیوانانی کەمال کلیچدارئۆغڵو

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیادا کە بڕیارە لە 14 ی مانگی پێنج ئەنجام بدرێن زیاتر لە 64 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.

ژمارەی ئەو کوردانەی مافی دەنگدانیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا بە فەرمی نازانرێت، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی، مەزەندە دەکرێت 25 بۆ 30 ملیۆن کورد لە تورکیادا بژین و لەنێویاندا نزیکەی 15 ملیۆن دەنگدەری کورد هەبن.

هەرچەندە ئەم داتایانە لەسەر کورد بە شێوەیەکی زانستی پشتڕاست نەکرونەتەوە، بەڵام بەگوتەی توێژەران و شارەزایانی سیاسی، دەگوترێت دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنەدا جێگەیەکی ستراتیجی دەگرێت.

بۆیە دوو هاوپەیمانی گەورە؛ هاوپەیمانی کۆماری و هاوپەیمانی نیشتمانی هەموو حیساباتی خۆیان لەسەر دەنگی کورد دەکەن. هەردوو ئەم هاوپەیمانییە هەوڵێکی زۆر دەدەن دەنگی کوردەکان بەدەستبهێنن.

هاوبەندییەکان و پارتە سیاسییەکانی تورکیا

هاوپەیمانی کۆماری لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، پارتی یەکێتی گەورە (BBP)، پارتی گەشەپێدانی نوێ (یەنیدن ڕەفح)، پارتی چەپی دیموکرات (DSP) و پارتی دۆزی ئازاد (هودا-پار) پێکدێت. بەڵام هەندێک لایەنی بچووکی دیکەش پشتیوانی ئەم هاوپەیمانییە دەکەن.

لە نێو پارتەکانی ئەم هاوپەیمانییەدا زۆرترین باس لەسەر HUDA-PAR ە. ئەم حزبە بە هەردوو ڕەنگی ئیسلامی و کوردی پێناسە دەکرێت.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا HUDA-PAR وەک درێژەپێدەری حزبوڵا دەبینێت و لەو بارەوە ڕەخنەی لێدەگرێت.

بەڵام حکومەت گرنگی بەو ڕەخنانەی ئۆپۆزسیۆن نادات. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ زەکەریا یاپیچیۆغڵو، سەرۆکی ‌HUDA-PAR، دەچێتە بەردەم لایەنگرانی پارتەکە.

شارەزایانی سیاسی دەڵێن ئامانجی ئەردۆغان بەدەستهێنانی دەنگی کوردەکانە لە ڕێگەی ئەم پارتەوە.

مەهمەت عەلی کولات، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری ماک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا هەموو ئامرازەکان بەکاردەهێنێت.

محمەد علی کولات
محمەد علی کولات

ئەو گوتی "تا ئێستا هاوپەیمانی کۆماریی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بووە". بەڵام ئێستا هاوپەیمانی نیشتمانی دژییەتی. هەر بۆیە ئاکەپە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بێت."

لە لایەکی ترەوە هاوپەیمانی نیشتمانی لە 6 حزب پێکدێت. پێش هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی شەشقۆلی ناسراو بوون؛ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی باش، پارتی داهاتوو، پارتی دیموکراسی و گەشەپێدان (DEVA)، پارتی دیموکرات (DP) و پارتی سەعادەت.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ویستی بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک نیگەرانییەوە، هاوپەیمانی شەشقۆڵی لە هەدەپە نزیک نەبووەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەدەپەدا نەپچڕاند.

پشتیوانانی پارتی چەپی سەوز
پشتیوانانی پارتی چەپی سەوز

هەدەپەش لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی کار (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی (TOB)، پارتی بزووتنەوەی کارکەران (EHP) و فیدراسیۆنی ئەنجومەنی سۆسیالیست هاوپەیمانی کار و ئازادییان دامەزراند.

بەهۆی دۆسێی داخستنی، هەدەپە لە ژێر ناوی پارتی چەپی کەس لەم هاوبەندییەدا بەشداری دەکات.

ئازاد بارش
ئازاد بارش

ئازاد باریش، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و بیرکردنەوەی سپێکترۆم هاوس، باس لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەو بارەوە دەکات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت " لە لێکۆڵینەوەکەماندا یەکێتی کار و ئازادی وەک هیوایەکی گەورە دێتە پێشەوە. ئەم هاوپەیمانییە ڕێگای سێیەم لە تورکیا دادەمەزرێنێت. بۆیە ئەم هاوپەیمانییە ڕۆڵی سەرەکی لە بڕیارەکەدا دەگێڕێت."

چوارهەم هاوپەیمانی لە تورکیا هاوپەیمانی ئاتایە. ئەم هاوپەیمانییە لە پارتی سەرفرازی، پارتی داد، پارتی وڵاتەکەم و پارتی هاوپەیمانی تورکیا پێکدێت.

هاوپەیمانی ئاتا تەواوی ستراتیژی خۆی لەسەر نەهێشتنی پەنابەران چڕکردووەتەوە و هەڵمەتەکانی بە هێڵێکی ناسیۆنالیزمی تورکیا بەڕێوە دەبات. هەروەها ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی سەرفیرازی لە سەرکردایەتی ئەم هاوپەیمانییەدایە.

جگە لەم چوار هاوپەیمانییە، پارتی چەپ (SOL)، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP)، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا (TKH) و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕ (DH) لە ژێر ناوی یەکێتی هێزی سۆسیالست بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەکەن.

لە هەڵبژاردنی 14 ی مانگی پێنجدا 4 بەربژێری سەرۆکایەتی هەیە. ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمارییە، کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی، سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا و سەرۆکی پارتی مەملەکەت موحەڕەم ئینجە بەربژێری پارتەکەی خۆی.

بەمەبەستی پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو، یەکێتی کار و ئازادی لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکە ڕانەگەیاند.

پارتە کوردەکان لە هەڵبژاردنەکاندا

لە ساڵی 2018 کە هاوپەیمانی کوردستانی دامەزرا، پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PDK-T)، پارتی دیموکراتی باکووری کوردستان (پدک باکوور) ی و تەڤگەری ئازادی لە خۆ گرتبوو.

ئەوکاتە HAK-PAR و HUDA-PAR پەیوەست نەبوون بەم هاوپەیمانییەوە.

لە هەڵبژاردنی 31ی سێی2019 دا هەدەپە لەگەڵ بەشێک لە پارتە کوردەکان؛ پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP)، پارتی ئازادی و مرۆڤ (PİA)، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (ئازادی)، پارتی دیموکراتی کوردستن- تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکور، پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد (DDKD) لە ژێر ناوی هاوپەیمانی کوردستانی هاوپەیمانیەکی دروست کرد و چووە ناو هەڵبژاردنەوە.

بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوپەیمانی کوردستانی لە ژێر چەتری هاوپەیمانی کار و ئازادیدا بەشداری هەڵبژاردنی 14ی مانگی پێنج دەکات.

لە 14ی پێنجدا، HUDA-PAR لەگەڵ هاوپەیمانی کۆماریی و HAK-PAR یش بە تەنیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە.

هێزە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتوویی گشتییان نەپاراست. ئێستا هەریەکەیان وەک هێڵی دژایەتی لە شوێنێک یان لە هاوپەیمانییەکی تردا دژی یەکتر وەستاون.

XS
SM
MD
LG