Accessibility links

گەنجێک لە گەرمیان خۆی ده‌کاته‌ "بێوه‌ژن" و نزیکه‌ی 100 ملیۆن دینار له‌ چەند پیاوێک دەبات


گه‌نجێکی ته‌مه‌ن 35 ساڵ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌کرێت، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ سۆشیال میدیا خۆی کردووه‌ته‌ "بێوه‌ژن" له‌ کوڕان و پیاوان و فریوی داون و نزیکه‌ی 100 ملیۆن دیناری له‌ ژماره‌یه‌ک هاووڵاتی وه‌رگرتووه‌.

ده‌ستگیرکراوه‌که‌ کوڕێکی گه‌نجی ته‌مه‌ن 35 ساڵی دانیشتووی ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌ و ناوی (خ.گ) ه‌. به‌ پێی وته‌ی پۆلیسی گه‌رمیان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌یه‌ککاتدا ده‌نگی خۆی بگۆڕێت بۆ کچ و ژن و پیاوی به‌ساڵا ساڵاچوو، ئه‌م ته‌کنیکه‌ی به‌کارهێناوه‌ و پاره‌یه‌کی زۆری له‌ کوڕان و پیاوان وه‌رگرتووه‌.

(خ،گ) له‌سه‌ر سکاڵای پیاوێکی دانیشتووی ده‌ربه‌ندیخان و گه‌نجێکی دانیشتووی شاره‌زوور ده‌ستگیرکراوه‌. به‌پێی وته‌ی سکاڵاکاران که‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێیان وه‌رگیراوه‌، 15 هه‌زار دۆلاری له‌ پیاوه‌ ده‌ربه‌ندیخانییه‌که‌ و 6 ملیۆن دیناری له‌ گه‌نجه‌ شاره‌زوورییه‌که‌ وه‌رگرتووه‌ که‌ پیشه‌ی شوانکاره‌ بووه‌.

عه‌قید عه‌لی قه‌دوری وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی گه‌رمیان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند، "ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی ده‌ستگیرکراوه‌ و خۆی کردووه‌ته‌ کچ له‌ کوڕان و پیاوان، مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت نزیکه‌ی 100 ملیۆن دیناری له‌ خه‌ڵک وه‌رگرتبێت، چونکه‌ جگه‌ له‌و دوو که‌سه‌ی سکاڵایان تۆمار کردووه‌، خه‌ڵکێکی زۆر له‌ ترسی ئابڕووی خۆیان ناوێرن شکات بکه‌ن."

(خ،گ) له‌ ئێستادا له‌ بنکه‌ی گرتن و گواستنه‌وه‌ی پۆلیسی گه‌رمیان به‌ندکراوه‌ و دۆسیه‌که‌ی لای دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌یه‌، وته‌ له‌و دوو سکاڵاکاره‌ش وه‌رگیراوه‌ که‌ سکاڵایان تۆمار کردووه‌.

رائید فه‌یاز عه‌بدولجه‌بار ئه‌فسه‌ری بنکه‌ی پۆلیسی شه‌هیدان له‌که‌لار، که‌ دۆسیه‌ی تۆمه‌تباره‌که‌یان لایه‌، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت"ده‌ستگیرکراوه‌که‌ ته‌له‌فۆنی بۆ خه‌ڵک کردووه‌، ده‌نگی خۆی گۆڕیووه‌ بۆ ده‌نگی ژن و خۆی به‌ بێوه‌ژن ناساندووه‌، وتویه‌تی که‌ پیاوه‌که‌ی کۆچی دوایی کردووه‌ و نیازی هاوسه‌رگیری هه‌یه‌."

ئه‌و وتیشی"بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێبکرێت، دواتر ده‌نگی خۆی گۆڕیووه‌ بۆ ده‌نگی پیاوی به‌ساڵاچوو و خۆی وه‌کو خه‌زووری بێوه‌ژنه‌که‌ ناساندووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردوون، به‌مجۆره‌ متمانه‌ی دروستکردووه‌ و وتویه‌تی ده‌ستم ناڕوات، هه‌ر جاره‌و ملیۆنێک دینار و 750 هه‌زار و دووسه‌د و چوارسه‌د دۆلاری وه‌رگرتووه‌."

به‌پێی وته‌ی ئه‌فسه‌ره‌که‌ی پۆلیس، ده‌ستگیرکراوه‌که‌ زۆر ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ کردووه‌ که‌ فریوی داون، بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌رده‌وام به‌ تاکسی و ڕێگه‌ی تر پاره‌یان بۆ ناردووه‌، به‌مجۆره‌ پاره‌یه‌کی زۆری له‌ خه‌ڵک وه‌رگرتووه‌.

یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی سکاڵایان له‌سه‌ر (خ،گ) تۆمارکردووه‌، گه‌نجێکی شوانکاره‌ی شاره‌زووری یه‌، له‌ کاتێکدا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ وته‌ی لێوه‌رگیراوه‌، وتویه‌تی"تۆمه‌تباره‌که‌ ته‌له‌فۆنی بۆ کردم، خۆی وه‌کو بێوه‌ژنی ده‌ستنه‌ڕۆ ناساندووه‌، منیش بڕێک پاره‌م بۆ ناردووه‌، دواتر که‌وتووینه‌ته‌ گفتووگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری، به‌مجۆره‌ هه‌ر جاره‌و بڕێک پاره‌م بۆ ناردووه‌."

رائید فه‌یازی ئه‌فسه‌ری بنکه‌ی پۆلیسی شه‌هیدان له‌ که‌لار وتی"تۆمه‌تباره‌که‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌وانه‌ی که‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردوون، ده‌نگی خۆی گۆڕیووه‌ بۆ کچ و داوای زه‌واجی مسیاری کردووه‌، قسه‌ی خۆشی بۆ کردوون و ئه‌وانیش پاره‌یان بۆ ناردووه‌."

(خ،گ) له‌کاتی لێکۆڵینه‌وه‌دا له‌به‌رده‌م پۆلیس په‌شیمانی خۆی له‌کاره‌که‌ی ده‌ربڕیووه‌، وتوویه‌تی"من هه‌ڵه‌بووم، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌وانه‌شی پاره‌یان بۆ ناردووم و خۆم گۆڕیووه‌ لێیان به‌کچ بێ تاوان نیین، چونکه‌ قسه‌ی خۆشم بۆ کردوون، باسی زه‌واج و پێکه‌وه‌ بوونم له‌گه‌ڵ کردوون."

ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ئاشکرابوونی ڕووداوه‌که‌، رائید فه‌یاز وتی"دواتر تۆمه‌تباره‌که‌ به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی پاره‌ی لێوه‌رگرتوون، پێیوتوون ئه‌و کوڕه‌ و خۆی لێکردوون به‌ کچ، ئه‌وانیش شۆک بوون، بۆیه‌ ته‌نها دوو که‌س سکاڵایان کردووه‌، پۆلیسیش دوای لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد، تۆمه‌تباره‌که‌ی دۆزیووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستگیری کردووه‌."

لای خۆشیه‌وه‌ عه‌قید عه‌لی قه‌دوری وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان، داوای له‌و که‌سانه‌ کرد که‌ له‌ ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه‌ فریو ده‌درێن سکاڵا تۆمار بکه‌ن، تا ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵکشان نه‌کات، وتی"کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێک له‌و پیاوانه‌ی پاره‌یان لێوه‌رگیراوه‌ له‌به‌ر ئابڕووی خۆیان ناوێرن سکاڵا تۆمار بکه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌و فێڵبازه‌ی خۆی کردووه‌ته‌ کچ لێیان سه‌قفی داواکارییه‌کانی به‌رز ببێته‌وه‌ و داوای پاره‌ی زیاتر بکات."

هه‌روه‌ها وتیشی"هه‌رکه‌سێک فریو بدرێت و سکاڵا تۆمار بکات، به‌ڵێن ده‌ده‌ین به‌ نهێنی لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ین و ناوو ناوبانگی بپارێزین و تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بکه‌ین."

ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا په‌یوه‌ندی به‌یه‌کێک له‌ سکاڵاکاره‌کانه‌وه‌ کرد ئاماده‌ نه‌بوو قسه‌بکات. پارێزەر نیزام زەندی پارێزەری پێشووی سکاڵا لەسەر تۆمارکراوەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت " من پێشتر زۆر هەوڵم بۆ دا بەڵام دادوەر گوتی دوو سێ دۆسێی هەیە و ڕەتی کردەوە ئازادی بکات."

XS
SM
MD
LG